لە سلێمانی بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕێپێوانێکی گەورە ئەنجامدرا

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێکی جەماوەری بەرفراوان لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان ئەنجامدرا.

لە چوارچێوەی چالاکیەکانی ٢٥ی تیشرینی دووەم ڕۆژی "بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان" بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ژن، گەنج، پیاوانی ئازادیخواز و چالاکوانان، ڕێپێوانێکی بەرفراوانی جەماوەری بە دەستپێشخەری ژنانی ئازادیخواز و بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی خوازی کوردستان (ڕژاک) ئەنجامدرا.

ڕێپێوانەکە لە کاتژمێر٢ی پاشنیوەڕۆ لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێن" و وتنەوەی دروشمی، "ئێمە ژنین ژیانین پێشەنگی تێکۆشانین"، "بێ ژن ژیان نابێت"، "ئێمە ژن و ئێوە پیاون لە ژیاندا یەکسانین" بە لێدانی دەف و هەڵهەڵەی بەرخۆدان و سەرکەوتن دەستیپێکرد. پاشان بە درێژی ڕێگاکە ڕێپێوانەکە فراوانتر بوو تا گەیشتن بە بەردەم باخی گشتی و گردبوونەوە و بەردەوامی بە چالاکیەکە درا.

لێرە پاش وتنەوەی دروشمی، "نا بۆ ژنکوژی، نا بۆ دەستدێژی بۆ سەر ژنان"، ڕاگەیاندراوی "ڕژاک" لە لایەن هاژە محمەد خوێندرایەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرا کە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمدا درێژە بە ڕێگەی ژنانی تێکۆشەری وەک ناگیهان، ژینا، ڕێحان وخوشکانی میرابل دەدەین و وترا: "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە دژی ئەقلییەتی پیاوسالاری و ژنکوژی، وەک ژنانی  ئازاد دەوەستینەوە و بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان لە بەرامبەر ئەو هەوڵە بەرژەوەندی خواز و هەلپەرستانەی ناو دەسەڵات کە هەوڵی چەوساندنەوەی ژن دەدەن." هەروەها وترا کە  بۆ دامەزراندنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک پێویستە ژن ئازاد بێت و ژیانی ئازادیش دژی عەقڵێتی ژنکوژی، پیاوسالاری و بێ ڕۆڵکردنی ژنە.

دوایی خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکە، چالاکیەکە بە کۆتایی هات.