لە سلێمانی مەجلیسی ژنانی پەیەدە بە هاوبەشی کۆنگرەی ستار ٨ ی ئاداری لە ژنانی ڕۆژئاوا پیرۆز کرد

مەجلیسی ژنانی پەیەدە، بە هاوبەشی کۆنگرەی ستار، لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی مەجلیسی ژنانی پەیەدە لە شاری سلێمانی ٨ی ئاداری لە ژنانی ڕۆژئاوا پیرۆزکرد و گوڵی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرد.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە هۆڵی مەجلیسی ژنانی پەیەدە، بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە، مەراسیمێک بۆ ژنانی ڕۆژئاوا ڕێکخرا و پیرۆزبایی لە ژنان کرا و گوڵ و ڕێزلێنانیان پێشکەشکرا.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی راگەیەندراوێک لەلایەن سوعاد حەفتار- ئەندامی دەستەی کۆنگرەی ستار دەستیپێکرد. راگەیەندراوەکە لەبارەی مانای ٨ی ئادارەوە بوو بە زمانی عەرەبی خوێندرایەوە، ناوەڕۆکی بەیاننامەکە باسی لەو مێژووە دەکرد کە بۆتە هۆی دانانی 8ی ئادار بە ڕۆژی تایبەت بە ژنان.

هەروەها لە راگەیەندراوەدا باس لەوە کرابوو، کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەپێناو ژناندا هەوڵی زۆری خستووەتەگەڕ و ئازادی ژنانی لە پێش ئازادی کۆمەڵگا داناوە و ئەو بڕوایەی چەسپاندووە کە بە بێ ئازادبوونی ژنان، کۆمەڵگا ئازاد نابێت و هێما بۆ هەوڵە تیۆری و پراکتیکیەکانی رێبەری گەلی کورد لە پێناو ئازادی ژنان کرا.

 لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا سوعاد حەفتار وتی، ""ڕۆژی ئێمە تەنیا یەک ڕۆژ نییە، هەموو ڕۆژ ڕۆژی ژنە."

 دواتر سینەڤزیۆنێک لەبارەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و کار و چالاکییەکانیان پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لە دوای ئەم ڕوونکردنەوانە، گوڵ وەک خەڵات و ڕێزلێنان پێشکەشی ژنانی ئامادەبوو کرا و ژنان هەڵپەڕکێ و شایی و خۆشیان ئەنجامدا و ڕێز و خۆشەویستییان بۆ یەکتر دەربڕی.

 لە کۆتایی مەراسیمەکەدا لەلایەن گروپی گۆڤەندی منداڵەوە، شایی و هەڵپەڕکێ وەک پێشکەش بە ژنان و ئامادەبووان کرا.

هـ . ب