لە ڤیەننا ٥ ژن کوژران

لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لە دوو رووداودا پێنج ژن کوژران.

لە نەمسا پۆلیس دەستی بە لێپرسینەوە لە کوژرانی پێنج ژن کردووە کە لە دوو رووداوی جیاجیادا کوژراون.

شەوی هەینی لە ناوچەی بریجیتنۆ لە ڤیەننا لە شوێنێکی حەوانەی گشتیدا سێ ژن کوژران.

پۆلیس پەیوەست بەو رووداوە کەسێکی تەمەن ٢٧ ساڵی دەستبەسەرکردووە، ئەوەش بڵاوکرایەوە کە ئەو چەکەی تاوانەکەی پێئەنجامدراوە بەو کەسەوە گیراوە.

لە رووداوێکی دیکە لە ڤیەننای پایتەخت لە ناو بینایەکدا ژنێک و کچە تەمەن ١٣ ساڵەکەی بە کوژراوی دۆزرانەوە و میدیای نەمسا بڵاویانکردەوە، کە رووداوەکە تاوانێکی کوشتنی خێزانیە و هاوسەری ئەو ژنە تۆمەتباری سەرەکیە.

بە گوێرە ئاماری رێکخراوەکانی ژنان ساڵی رابردوو ٢٦ ژن لە نەمسا کوژرابوون.

بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی، لە نێوان ٢٠١٠ و ٢٠٢٠ لە نەمسا ٣١٩ ژن کوژراون کە زۆرینەیان لەلایەن هاوسەر یان هاوسەری پێشوویانەوە کراونەتە ئامانج.

هـ . ب