لە ئەدەنە و مێردین بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ٨ ی ئادار

ژنان لە ئەدەنە و مێردین بانگەوازیان لە هەموو ژنان کرد لە ٨ ی ئادار پێکەوە بێنە گۆڕەپانەکان.

لە چوارچێوەی ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان لە چەند شارێک بەرنامەکانی ٨ ی ئادار دەستی پێ کرد و چالاکی جۆر بە جۆر ئەنجامدرا.

ئەدەنە

تەژەئا و مەجلیسی ژنانی دەم پارتی لە چوارچێوەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان لە ئەدەنە، کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیان بەست. بەدرێژایی خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، هاوسەرۆکی دەم پارت لە ئەدەنە، هێلین کایا ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

کایا ئاماژەی بەوە کرد لە بەرامبەر شەڕ و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵکوژی ژنان و ئیکۆلۆژیا و نایەکسانی، پێشوازی دەکەین لە بەرخۆدان و تێکۆشان دژی سیاسەتی پیاوسالاری.

کایا ڕایگەیاند زمان و ناسنامەمان نکۆڵی لێ دەکرێت، گوتی: "وەک تەژەئا و دەم پارتی بۆ پاراستنی زمانی دایکی و چاند و ناسنامەی خۆمان، بانگەواز لە ژنانی کورد و هەموو بەشەکانی جڤاک دەکەین، ڕووبکەنە تێکۆشان، بەڵێن دەدەین تێکۆشان مەزن بکەین بۆ ئەوەی هەموو زمانەکان و بەتایبەت زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و لە دەستووردا دانی پێدا بنرێت".

مێردین

بەهەمانشێوە لە مێردین چالاکییەکانی ٨ ی ئادار لە مێردین دەستی پێ کرد. ئایلەم ئاماک بەناوی تەژەئاوە ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

ئاماک ئەو ژنانەی بیرهێنایەوە لە تێکۆشانی ئازادیدا گیانیان لەدەستداوە و گوتی: "بەو هێزەی لە ژنانی پێشەنگی وەک ڕۆزا و سارا و زەلالەکانەوە وەری دەگرین، لە ٨ ی ئادار لە گۆڕەپان و شەقامەکان دەبین".

پەرلەمانتاری مێردین، بێریتان گونەش جەختی کردەوە ئێستە دەنگی بەرخۆدانی ژنان لە جیهان بڵند بۆتەوە، گوتی: "ئەمە دەنگی ناگیهان ئاکارسەلە، ئەم دەنگە لە هەموو جێگەیەک بڵند دەبێت، دەبێتە دەنگێک دژی گۆشەگیری".

گونەش تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ئەم گۆشەگیریە مایەی شەرمە، دوژمنایەتی و کۆمەڵکوژی ژنانە. دەنگی ژن ژیان ئازادی لە هەموو لایەکی جیهان بڵند دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی گۆڕان و گۆڕانکاری".