لێبوردنی نێونەتەوەیی: دەسەڵاتدارنی ئێران جەنگیان بەرامبەر بە ژنان هەڵگیرساندووە

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ژنان لە ئێران بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەرکوتکاریی و ئەنجامدانی توندوتیژیی جەنگیان بەرامبەر ژنان هەڵگیرساندووە.

لە مانگی نیسانەوە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێوشوێنی نوێ و توندتریان بۆ سەپاندنی “حجابی زۆرەملێی” بەسەر ژناندا گرتووەتەبەر، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەییش ئەوەی ڕوودەدات بە “جەنگ دژی ژنان” پێناسە دەکات.

لە ١٣ـی نیساندا دەسەڵاتداران پلانێکی نوێیان بە ناوی “پلانی نور” ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی “حجابی زۆرەملێی” ڕەتدەکەنەوە و زۆرێک لە دامودەزگا و وەزارەتەکان لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا بەشدارن، لەگەڵ پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەو مەبەستەش بە جل و بەرگی مەدەنییەوە دەچنە ناو خەڵکی.

لەو بارەیەوە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژیی پۆلیس لە دژی ژنانی ئێران کردووە و پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ڕێوشوێنەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران ڕاستەوخۆ دوای لێدوانەکانی عەلی خامنەیی و جەختکردنەوەی لە سەر پێویستی پابەندبوونی ژنان هاتە ئاراوە.

باس لەوەش کراوە، زیادبوونی توندوتیژییەکان و دەستبەسەرکردنی ژنان و کچان، کە حجابی زۆرەملێی و ڕێوشوێنە نوێکان ڕەتدەکەنەوە، هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی پۆلیس و کەسانی ئەمنی لەنێو شار و شەقامەکاندا.

 ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو ژنانەی دەستبەسەر دەکرێن ڕووبەڕووی لێدان، توندوتیژیی سێکسیی، ئەشکەنجەدان لەڕێگەى لیدانى کارەبا و چەندین جۆری دیکەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە.

هاوکات، پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە نێونەتەوەیی و ناوخۆییەکان کردووە و ئەو ڕێوشوێنانەی بە “پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ” پێناسە کردوو داوا دەکات، کە فشار بخرێتە سەر دەوڵەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو مامەڵەیە.

هـ . ب