له‌ دژی كۆمه‌ڵكوژیی ژنان له‌ سویسرا خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو

له‌ شاری زوریخ زیاتر له‌ هه‌زار ژن رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌ پێناو راكێشانی سه‌رنج بۆ سه‌ر تاوانی توندوتیژی دژی ژنان و به‌ فه‌رمی ناسینی چه‌مكی كۆمه‌ڵكوژی ژنان چالاكیان ئه‌نجامدا.

له‌ شاری زوریخی سویسرا به‌ پێشه‌نگایه‌تی هاوپه‌یمانی نی ئونا مێنوس (Ni Una menos)، كه‌ ١٥٦ رێكخراو و بزوتنه‌وه‌ی ژنان له‌وانه‌ یه‌كێتیی ژنانی كورد له‌ سویسرا تیایدا ئه‌ندامن، له‌ دژی كۆمه‌ڵكوژی ژنان رێپێوانێك سازكرا.

له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌و ژنانه‌دا، کە له‌ لایه‌ن پیاوەوە كوژراون، داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی سویسرا كرا،‌ بڕیاره‌كانی په‌یماننامه‌ی ئیسته‌نبوڵ جێبه‌جێ بكات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ زیاتر له‌ هه‌زار ژن له‌ هیلڤێتیاپلاتز گردبوونه‌وه‌.

هاوپه‌یمانیه‌كه‌ داوای كرد، كه‌ چه‌مكی كۆمه‌ڵكوژی ژنان به‌ فه‌رمی بناسرێت و له‌ یاسای سزاداندا جێگیر بكرێت. هه‌روه‌ها حكومه‌تی فیدراڵ پشتگیری له‌ تێكۆشان له‌ دژی توندوتیژی سه‌ر ژنان بكات.

له‌ چالاكیه‌كه‌دا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایه‌وه‌.

ژنان دوای ئه‌وه‌ی به‌ ناوه‌ڕاستی شاردا رێپێوانیان كرد، بۆ هیلڤێتیاپلاتز گه‌ڕانه‌وه‌ و لێدوانیاندا و رایگەیاندراویان خوێندەوە.

ئۆزه‌ن ئایتاش، ئه‌ندامی یه‌كێتی ژنانی كورد له‌ سویسرا باسی له‌ توندوتیژی پیاوان و دەوڵەتی تورکیا له‌ دژی ژنان و تێكۆشانی ژنانی كورد به‌رامبه‌ر به‌و توندوتیژییه‌ كرد و وتی، "ئێمه‌ی ژنانی كورد، تێكۆشانی خۆمان له‌گه‌ڵ تێكۆشانی ژنانی جیهان یه‌كده‌خه‌ین، به‌و شێوه‌یه‌ ژیانی مرۆیی، ژنان و ژینگه‌ بۆ خۆمان به‌ بنه‌ما ده‌گرین و له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵكوژییه‌كان درێژه‌ به‌ تێكۆشانی خۆمان ده‌ده‌ین".

ژ.ت