مانگی رابردوو ٣٣ ژن لە تورکیا کوژراون

لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر ٣٣ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.

پلاتفۆرمی 'رێگری لە کوژرانی ژنان دەکەین' (کەجەدەپە) راپۆرتی مانگی تشرینی دووەمی ئاشکرا کرد. بە گوێرەی راپۆرتەکە لە مانگی تشرینی دووەمدا ٢٤ ژن بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە و ٣٣ ژنیش کوژراون.

بە گوێرەی ئامارەکە لە ١١ مانگی رابردوودا لەسەدا ٩ی ئەو ژنانەی کوژراون، پێشتر پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە هەڕەشەکانی سەر ژیانیان ئاگادار کردبووەوە.

لەو ٣٣ ژنەی مانگی رابردوو کوژراون نۆ ژنیان لەبەر ئەوەی ویستبوویان جیاببنەوە، رێککەوتنیان رەتکردبووە، هاوسەرگیرییان رەتکردبووە، نەچووبوونە ژێرباری قەبوڵکردنی پەیوەندی، ٢ ژنیش بە پاساوی ئابوری، یەک ژنیش بە هۆی ئەوەی هەوڵی پاراستنی دایکی دابوو، لەگەڵ دایکی کوژرابوو. هۆکاری کوژرانی ٢١ ژنی دیکە نەزانراوە.

لەو ٣٣ ژنە ١٤یان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، ٤ ژن لەلایەن هاوسەری پێشوویان، دوو لەلایەن ئەو پیاوانەی لەگەڵیاندا دەژیان، ٢ لەلایەن ئەو پیاوانەی پێشتر پێکەوەبوون، دووانیان لەگەڵ ئەو پیاوانەی لەپەیوەندیدابوون، یەکیان لەلایەن برای خۆیەوە، دوانیان لەلایەن کوڕەکانیانەوە. ژنێکیش نەزانراوە کە لەلایەن کێوە کوژراوە.

هـ . ب