مەجلیسی ژنان: پێویستە تێکۆشانی هاوبەش بکرێت لەپێناو ژنە بێسەروشوێنەکان

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی گوتی: "بۆ دۆزینەوە ژنانی ئێزدی بێسەروشوێن و تۆڵەکردنەوەیان، پێویستە تێکۆشانی هاوبەش بکرێت".

مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالەوە، لە شەقامی ساکاریا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست. بەشێک لە ئەندامانی پارتەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان تێیدا بەشداربوون. درووشمی "داعشی بکوژ" و "ئاکەپەی هاوکار" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی ئەنقەرە، تاتلی گول ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا ئەوکاتەی گەلی شەنگال و ژنانی ئێزدی ڕووبەڕووی قڕکردن دەبوونەوە، دەسەڵاتی تورکیا و هێزە سیاسییەکان هەنگاوی پێویستیان نەگرتەبەر بۆ وەستاندنی چەتەکانی داعش. هەروەها دووپاتکرایەوە ئێستاش وەک ئەوکاتە سیاسەتی دوژمنایەتی کورد لەلایەن دەسەڵاتەوە بەردەوامە، گوتی: "بۆردوومانی ئەمڕۆی شەنگال و ڕۆژئاوا باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم ڕاستییە. هەروەها لەژێر ناوی "ئاسایش"دا ئەم دوژمنایەتییە دەبینرێت لەشێوەی چۆڵکردنی زۆرەملێی گوندەکانی هەرێمی کوردستانی فیدراڵ. ئەمەش دەریدەخات بەرگەی ئەو ژیانە نوێ و یەکسان و ئازادە ناگرن کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژئاوا و شەنگال بنیاتنراوە".

هەروەها داوا لە تورکیا کرا کۆمەڵکوژییەکەی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ وەک جینۆساید بناسێنێت.

وتەبێژی دەم پارتی، ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند هێشتا لە ژوورەکانی ئینتەرنێتی قووڵ ژنانی دیلی دەستی داعش لە بازاڕی کۆیلەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.

هەروەها ڕایگەیاند، لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکان و دۆزینەوەی ژنانی ئێزدی بێسەروشوێن و لێپێچینەوە لە تاوانباران و ئاشکراکردنی چارەنووسی مناڵانی ئێزدی، تێکۆشانێکی بەنرخ و گرنگە.