مەجلیسی ژنانی دەم پارتی: ئێمە بوێریی خۆمان لە نەریتی تێکۆشانمانەوە وەردەگرین

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی، دەربارەی باخچەلی کە هەڕەشەی لە پەرلەمانتار ساڵیحە ئایدەنیز کردبوو، گوتی: "ئێمە بوێریی خۆمان لە نەریتی تێکۆشانمانەوە وەردەگرین". دووپاتی کردەوە ژنان ڕێگە بە هەڕەشە نادەن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز لە پەرلەمان دەربارەی دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی جولەمێرگ گوتبووی "ئێوە لە کوردستان داگیرکەرن"، سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی بە وتەی فاشیستانە دەربارەی ساڵیحە ئایدەنیز گوتبووی "ئەم بوونەوەرە دەیەوێت بەبێ باڵ بەرز بفڕێت"، مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ڕایگەیاند هەڕەشەکەی باخچەلی دژی هەموو ژنان و سیاسەتمەدارانە، بەڵێنی تێکۆشانیان دووپاتکردەوە.

مەجلیسی ژنانی سەبارەت بە هەڕەشەکانی باخچەلی دەڵێن: "دەبێت بزانێت ژنان ڕێگە بە هەڕەشە نادەن. دژی سیاسەتی دەسەڵات کە ئیرادەی ژنان دەستبەسەر دەکات، دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: "بەرامبەر هەڕەشەکان بێدەنگ نابین و سەر نەوی ناکەین".

ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، "ناتوانن لەپشت وشەی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستییەوە خۆیان بشارنەوە و ژنان لە سیاسەت دووربخەنەوە. ئێمە هەرگیز دەست هەڵناگرین لە گوتنی ئەوەی کە قەیوم داگیرکەرە، هەردەم بەرگری لە ئیرادەمان دەکەین.

ئێمە بوێریی خۆمان لە نەریتی تێکۆشانەوە وەردەگرین. ئەوانەی ڕابردوویەکی تاریکیان هەیە، مەحکومن بە بچووکبوونەوە".

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی لەکۆتاییدا دەڵێت: "ئەم هەڕەشەیە لە ساڵیحە ئایدەنیز، هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو ژنان و سیاسەتمەداران، لە دژی ئەمە، بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ مەزنکردنی تێکۆشان و یەکگرتن.

ساڵیحە ئایدەنیز تەنها نییە!".