مەجلیسی ژنانی هەدەپ لەبەردەم زیندانی سینجان دەستیان بە چالاکی ٢٥ تشرینی دووەم کرد

مەجلیسی ژنانی هەدەپ، بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە چوارچێوەی کەمپینەکەی لەبەردەم کامپی زیندانی سینجان دەستی بە چالاکییەکانی کرد.

مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) بە ئامانجی دەستپێکردنی کەمپەینی ٢٥ ی تشرینی دووەم، لەبەردەم کەمپی زیندانی سینجان کە دۆزی کۆبانێی تێدایە چالاکی ئەنجامدا.

پەرلەمانتارانی هەدەپ و گەلێک ژنی ئامەد بەشداربوون، وتەبێژی مەجلیسی ژنانی هەدەپ، خالیدە تورکئۆغلو، قسەی کرد و سەرەخۆشی لە قوربانیانی لافاوەکەی شارەکانی کوردستان کرد.

خالیدە تورکئۆغڵو گوتی، "هۆکاری هاتنمان بۆ ئێرە ئەوەیە نیشانی بدەین، چۆن هاوڕێیانی ژنمان لەم زیندانەدا بە دیل گیراون و چۆن بە دۆزی کۆبانێ هێرش دەکەنە سەر تێکۆشانی ئازادی ژنان".

هەروەها گوتی: "توندوتیژی ئامرازێکە لە لایەن دەسەڵاتی پیاوسالارەوە ئافرێنراوە. توندوتیژیی دەسەڵاتی دادوەریش وەک ڕاستییەک لەم وڵاتە، لەپێش چاومانە. هەموو ئەو دۆزانەی ئەمڕۆ لە سینجان دەبینرێن، هێرشکردنە بۆ سەر تێکۆشانی ئازادی ژنان. چونکە ئەوانەی لەم وڵاتەدا تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان دەکەن، ئەوانەی باوەڕیان بە تێکۆشانی یەکسانی هەیە و دەیانەوێت ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤ بنیات بنێن، سەریان نەوی نەکردووە و سەر نەوی ناکەن. داواکاری ژنە زیندانیانی سیاسیش داواکاری ئێمەیە. ئەو تێکۆشانی ئازادییەی ئەمڕۆ ئەوان دەیپارێزن، تێکۆشانی ژیانی هەموو ئێمەی ژنانە".

خالیدە تورکئۆغلو، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، هێرشی دیکتاتۆری تروخیلۆی دژی ژنان لە کۆماری دۆمینیکان و تێکۆشانی خوشکانی میرابەل لەدژی وی بیرهێنایەوە و گوتی:

"ژنان لە هەموو جیهاندا، لە کەسێتی خوشکانی میرابەلدا، دژی فاشیزم، نەژادپەرستی، نەتەوەپەرستی،  جیاکاری تێدەکۆشن و دێنە گۆڕەپانەکان. ئێمە نامانەوێت بەپێی ئەو ژنبوونە ماقووڵە بژین کە دەوڵەتەکان بڕیاریان لێ داوە. حکومەت چی دەکات، کاتێک هێرش دەکاتە سەر تێکۆشانی ئازادی ژنان، دەیەوێت لەسەر ژنانی گوێڕایەڵ و ماقووڵ سیاسەت بکات. بەداخەوە ئەم سیاسەتە دەگۆڕێت بۆ فۆرمێک لە سیاسەت کە توندوتیژی قۆرخ دەکات. شێوازی ئیدارەی ئاکەپە-مەهەپە بۆ زیاتر لە ٢٢ ساڵ زۆرترین کاریگەری لەسەر ژیانی ئێمەی ژن هەبووە. چونکە ڕەگەزپەرستی خستۆتە ناوەندی هەموو دامەزراوەکانەوە و دەستکەوتەکانی ژنانی لە هەموو بوارێکدا دەستبەسەر کردووە. واتە لە لایەک ڕژێمی تاک پیاوی دامەزرا، لە لایەکی ترەوە بە دانانی قەیومەکان، هەوڵدرا ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری لە کوردستان بڵاوبکرێتەوە. کاتێک لەم چوارچێوەیەدا نرخاندنی بۆ دەکەین، دەبینین توندوتیژی بۆتە ڕژێمێک".