نێرگز محەمەدی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

نێرگز محەممەدی چالاکوانی ئێرانی کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا بوو، کۆتایی بەو مانگرتنە هێنا کە لە ٦ی تیشرینی دووەم دەستیپێکرد بوو. محەممەدی بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و دواتر ڕەوانەی زیندان کرایەوە.

بنەماڵەی نێرگز محەمەدی چالاکوانی زیندانیکراوی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣، ڕۆژی هەینی پەیامێکیان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی پەیامەکە، محەمەدی دوای ئەوەی بەبێ سەرپۆش گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

بەگوێرەی ئەو پەیامەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە، نێرگز محەمەدی وتی: "رۆژی چوارشەممە بەبێ ئەوەی سەرم داپۆشم لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانە گواسترامەوە".

ئەو چالاکوانە سیاسیە کە تەمەنی ٥٠ ساڵە، زیاتر لە بیست ساڵە دژی سەپاندنی حیجاب بەسەر ژنان و سزای لەسێدارەدان تێدەکۆشێت. بۆ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە مەرجیان دانابوو کە دەبێت سەری داپۆشێت. ئەو چالاکوانە ئەم مەرجەی  ڕەتکردەوە. لە ٦ی ئەم مانگە لە دژی ئەو سەپاندنە مانی لە خواردن گرت.

بە وتەی بنەماڵەکەی، نێرگز محەمەدی نەخۆش بوو و دەبوو دەستبەجێ ببرێتە نەخۆشخانە.

نێرگس محەمەدی ئەم پەیامێکی بڵاو کەدەوە: "دوای ئەوەی گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە بەبێ ئەوەی کە سەرپۆش بکەمە سەرم گەڕامەوە بۆ زیندان و کۆتاییم بە مانگرتنەکەم هێنا".

لە دەروازەی نەخۆشخانەکەدا، لەکاتێکدا هاوڕێ و کەسوکاری چاوەڕوانی بوون، بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا و دەستی بەسەر کامێراکانیاندا گیرا.

بەگوێرەی ئەو پەیامەی بنەماڵەکەی بڵاویکردۆتەوە، نێرگز محەمەدی وتویەتی: حکومەت ترسی ئەوەی هەیە بەبێ حیجاب ببینرێم. تا ئەو کاتەی کە حیجابی سەپێنراو لادەبرێت، من بەبێ حیجاب دەگەرێم، ئەوان کاتێک کە ژنێکی بێ حیجاب دەبینن لە ترسان دەلەرزن.

نێرگز محەممەدی ١٣ جار دەستگیرکراوە، بە کۆی گشتی ٥ جار حکۆمدراوە کە دەکاتە ٣١ ساڵ زیندانی و ١٥٤ دار قامچی. ساڵی ٢٠٢١ جارێکی تر دەستگیرکرایەوە. نێرگس محەممەدی بوو بە  یەکێک لە پێشەنگانی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمیتەی نۆبڵ لە ٦ی تیشرینی یەکەم خەڵاتی ئاشتیان بەخشی بە تێکۆشەر محەممەدی.

نێرگز محەممەدی چالاکی مافی ژنانی ئێران لە پەیامێکدا کە لە زیندانەوە ناردوویەتی دەلێت: "سەرکەوتن ئاسان نییە، بەڵام بە دڵنیایەوە بەدەست دەهێنرێت". ئەم پەیامە کە کچەکەی بە زمانی فەرەنسی خوێندییەوە، سەرەتای مانگی گەڵارێزان لە ماڵپەڕی فەرمی نۆبڵ بڵاوکرایەوە.