PAJK: هاوڕێمان چیچەک بۆتان لە یادمان دەمێنێتەوە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PAJK)هەریەک لە چیچەک بۆتان و دڵگەش بۆتان کە لە دێرسم شەهید بوون، بەبیر هێنایەوەو رایگەیاند ئەوان خاوەنداریەتی لە تێکۆشانی چیچەک دەکەن و هەمیشە لە یادیان دەمێنێتەوە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PAJK) لە بەیاننامەیەکدا تیشکی خستە سەر تێکۆشان و بەرخۆدانی هەردوو شەهید چیچەک بۆتان و دڵگەش بۆتان و باسی لە کەسایەت و قارەمانێتی شەهید چیچەک کرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

"یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان هاوڕێمان چیچەک بۆتان لە ٤ی تشرینی یەکەمدا لە دژی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک تا دوا هەناسەی جەنگاو لەگەڵ هاورێی خەباتی دڵگەش بۆتان شەهید بوو. لە کەسایەتی هەردوو هاوخەباتمان چیچەک و دڵگەش، هەموو شەهیدانی شۆڕش بە رێزەوە بە بیر دەهێنینەوەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی هەردوو شەهید و گەلەکەمان دەکەین.

هاوخەباتمان چیچەک تەمەنی خۆی پێشکێش کرد بە بیردۆخی ئازادیی رێبەر ئاپۆ و بوو بە ملیتانێکی نمونەیی و چاونەترس و پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیی ژنان. فەرماندەیەک بوو کە جێگای پڕنابێتەوە. شەڕڤانێکی چاونەترس بوو، ملیتانێکی ئازادیی ژنان بوو، ژنێکی بە ئیرادە بوو، لە دڵی هەموو هاورێکانیدا جێی خۆی گرتبوو.

وڵاتپارێزی و پاکیی و رۆحی نەترس و ئیرادەو ستروشتی ژنی ئازاد، بوو بە رێگای ٢٨ ساڵەی ئازادیی هاورێمان چیچەک لە بۆتانەوە تا دێرسم و چیاکانی کوردستان.

قوربانیدانی هاوڕێمان چیچەک لە ناو بە سوپابوونی ژناندا گەورە بوو، لە بونیادنانی خۆپاراستن و زیهنییەتی ئازادیی ژنانداو هەروەها لە بەدەستخستنی ئازادی دا لە چوارچێوەی بە سوپابوونی ژناندا، رۆڵێکی دیار و بەچاوی هەبوو. لە سوپابوون و تێکۆشانی ژنان دا، لە هەموو روویەکەوە قوربانییەکی زۆری داو رۆڵی پێشەنگایەتیی گێڕا.

هاوخەباتمان چیچەک کە ملیتانێکی(PAJK) و فەرماندەیەکی پێشەنگی (یەژا_ستار) بوو، بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە رێکخستن و بە فیداکارییەکەی و بە بڕیارەکانییەوە، بوو بە نموونە بۆ هەموومان.

گەلەکەمان، هەروها ژنانی ئازادیخواز پێویستە ئەوە بزانن کە هاوڕێمان چیچەک تەمەنی خۆی پێشکێش کرد بە ئازادیی گەلەکەمان بە گشتی. ئێمە وەکو پارتی ئازادی ژنان (PAJK) خاوەنداریەتی لە تێکۆشانی هاوڕێ چیچەک دەکەین و تێکۆشانەکەی بەرفرانتر دکەین و گەل و پارتەکەمان رزگار دەکەین.

شاخەکان کە تێکۆشانی گەریلاکانی تێدا دەبێت بە ئەفسانە و کەسایەتیی ئەفسانە بەرهەم دێنن، تێکۆشان تێیایدا دەبێتە گارانتی بۆ سەرفرازی. ئازادی سەردەکەوێت و تەسلیمبوو، کۆیلایەتی و دواکەوتووی تێک دەچن."

ز.ش