ڕەپاک: بەرخۆدان و تێکۆشان ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکان دەکات!

ڕەپاک بە بۆنەی ١٠یەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگال بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "بەرخۆدان و تێکۆشان ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکان دەکات!"

ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ژنانی کورد (ڕەپاک) لە بەیاننامەیەکی نووسراودا قوربانیانی کۆمەڵکوژی شەنگالی بەبیرهێنایەوە و وتی: "ئێمە وەک ڕەپاک لە ١٠یەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالدا بەڕێزەوە یادی شەڕڤانانی ئازادیی کە لە ئازاد کردنی شەنگالدا ڕەنج وتێکۆشانێکی گەورەیان بەڕێوە برد یاد دەکەینەوە."

ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی ڕەپاک بەم شێوەیەیە:

"١٠ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتی ئێمەدا کۆمەڵکوژییەکی گەورە لەلایەن هێزە بەربەریەکانی سەدەی ٢١، داعشەوە لە دژی گەلی شەنگال ڕوویدا. ئەو ئازار و توڕەییەی کە لە ئەنجامی کۆمەڵکوژیی شەنگال لە ٣ی ئابی٢٠١٤ دا پەرەی سەند، تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. بەو بۆنەوە هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵکوژی و ئازادیی شەنگالدا گیانیان لەدەستدا بە ڕێزدارییەوە بەبیر دێنینەوە.

گەلی شەنگال لە مێژوودا ٧٣ جار کۆمەڵکوژییان بەسەردا هێنراوە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کۆمەڵکوژیانە، هەمیشه توانیویانه خاوەنداریی له ناسنامە، بڕوا و کولتووری نەتەوەیی خۆیان بکەن. بەرخۆدانی گەلی ئێمەی شەنگال بەردەوام پلانی ستەمکاران، داگیرکەران، شا و پاشاکانی پووچەڵ کردووەتەوە. ناکرێ کولتوور و کۆمەڵگا و باوەڕێکی وەها ڕەسەن بە ئاسانی لەناو بچێت. گەلی ئێزیدی ئێمە لە هەموو کۆمەڵکوژییەکدا توانیویەتی خۆی زیندوو بکاتەوە. هێزه دەسەڵاتدارەکان بەدەستە گلاوەکانیان و دڕندەکانی داعش هەوڵیاندا که کولتوور و بڕوای خۆڕاگری مرۆڤایەتی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەبەردەم هەموو جیهاندا له ناو ببەن. ئێمە وەک ژنان و پێکهاتەی گەلی کورد زۆر باش دەزانین کە ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن دوژمنان و خیانەتکارانەوە ئەنجامدراوە. چەتەکانی داعش کە لە بەها مرۆییەکان بەدوور بوون، بەهەزاران ژن و منداڵ و گەنجیان کوشت، ڕفاندنیان و لە بازاڕەکاندا فرۆشتیان.

لە ڕاستیدا ئەگەر فیداییانی ڕێبە ئاپۆ نەهاتنایە بەدەم بانگەوازی گەلی شەنگالەوە، ڕەنگە کارەساتەکە زۆر لەوە گەورەتر ڕوویان بدایە. لە یادی ١٠یەمین ساڵەی کۆمەڵکوژی شەنگالدا، بەڕێزدارییەوە یادی هەموو ئەو ئازادیخوازانە دەکەینەوە کە لە ڕزگارکردنی شەنگالدا بەشدارییان کرد، ڕەنجیاندا و شەهید بوون. جارێکی تر ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار دەکەین.

ڕاستە شەنگال ئازاد کراوە، بەڵام جێگەی داخە کە ئەمڕۆش هێشتا مەترسی لەسەر شەنگال کۆتایی نەهاتووە. هاوکاران و بنیاتنەرانی داعش تا ئەمڕۆش بە ئامانجی لەناوبردنی ئیرادەی گەلەکەمان لە شەنگال بەردەوامن لە هێرشەکانیان. ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندەری ئەم ڕاستیانەن. هەروەها هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەڕەشەی داگیرکاری و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گەل بۆ شەنگال بەجۆرێک بەردەوامی فەرمانەکانە.

وەک ڕەپاک لە ١٠ یەمین ساڵی کۆمەڵکوژییەکەدا داوا دەکەین هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی بەرپرسانی ئەم کۆمەڵکوژییە زیاتر بکرێت. دەبێت کارێ بکرێت کۆمەڵکوژییەکان دووبارە نەبنەوە و بەرپرسیارانە لە بەرامبەر ئێش و ئازارەکانی گەلی ئێزدیی مامەڵە بکەین. ئەمە ئەرکێکی ئینسانی و ویژدانییە.

کۆمەڵکوژی شەنگال لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی، دینی و نەتەوە پەرەستی سەری هەڵدا. ئەمڕۆ لە لایەن ژنانی شەنگالەوە تیکۆشانێکی گەورە بۆ کۆتایی هێنان بەو هێرش و کۆمەڵکوژیانە بەڕێوەدەچێت.

هەروەها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆنفرانسێکی گەورە بە پێشەنگایەتی تاژێ (تەڤگەری ئازادی ژنانی ئیزیدخان) لە بەغدای پایتەختی عێراق بە دروشمی ' لە ڕێگەی تێکۆشانی هاوبەشەوە لە دژی جینۆسایدی ژنان، ببە دەنگی خۆپارێزی"بەڕێوەچوو. سڵاو ئاراستەی ژنانی کورد و عەرەب دەکەین کە بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کردبوو. ئێمە هەڵوێستی ژنان بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی هاوبەش بە گرنگ دەزانین. دووبارە و سێبارە سەلمێنراوە کە ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی دەکات تێکۆشان، بەرخۆدان و ئازادی ژنانە. زامنی دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی، ئازادی ژنانە. بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرەوپێش بردنی، پێویستە پشتگیری لە بەرخۆدانی ژنانی شەنگال بکەین. هاوکات دەبێت کار بۆ ڕادەستکردن و دادگایی کردنی تاوانبارانی ژنکوژ پێکهێنەرانی جینۆسایدی شەنگال بکەین."