پاژک: ٢٥ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرخۆدان و تێکۆشانە

دەستەی بەڕێوەبەری پاژک، بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "٢٥ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرخۆدان و تێکۆشانی هەموو ژنانە. پێویستە هەموومان پێکەوە خۆمان ڕێکبخەین".

دەستەی بەڕێوەبەری پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) ڕایگەیاند، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشانی ژنی وەک "خەباتی داستان‌ئامێزی خۆی" دەنرخێنێت و ڕایدەگەیەنێت: "ئەم خەباتە داستانئامێزە لەبەر ڕۆشنایی ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی ڕێبەرێتی پێشکەوت. وەک ژنان، ئێمە لەسەر بناغەی بەسوپابوون و حزبی‌بوونی ژن، هێزی ڕێکخستنی خۆمان بونیادنا".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"ژن ژیان ئازادی، ڕاستی بەرخۆدانی ژنی هەموو جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی دەرخست، بە هەمووانی نیشاندا هیچ هێزێکی دەسەڵاتدار ناتوانێت ڕێگە لە ئازادی و بەرخۆدانی ژن بگرێت. ئێمە پێشخستنی تێکۆشانی ژنان وەک ئەرکێک وەردەگرین. کۆنفرانس و پەروەردە و ڕێپێوان و چالاکیی و مەراسیمی جۆراوجۆر لەگەڵ بزووتنەوە جیاوازەکانی ژنان پەرەی پێدەدرێت. ئەم پراکتیک و ڕێکخستنانە ڕێگای شۆڕشی ژنان دەکەنەوە کە بە بیرۆکەی ڕزگاری ژن پێشخراوە. ئەرکی سەرەکیمانە ئەمە مەزنتر بکەین و فاشیزم و سیستەمی باوکسالاری تێکشکێنین. تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان، لە ئەنجامی شەهیدبوون و قوربانیدانەوە هێندەی تر کەوتۆتە پێشچاو، ئەمەش قۆناغێکی گرنگە بۆ پێشخستنی زیاتری بەرخۆدانی ژنان. خاڵی سەرەکی بۆ گەیاندنی تێکۆشانی ژنان بە سەرکەوتن، بریتییە لە ڕێکخستنبوون و پاراستنی جەوهەری و پشتیوانی ژنان.  

٢٥ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرخۆدانە، دژی توندوتیژی و فشار و ستەم و دەستدرێژی، ڕۆژی بەرخۆدان و تێکۆشانی هەموو ژنانە. پێویستە هەموومان پێکەوە خۆمان ڕێکبخەین، ئەم ڕۆژە بکەینە ڕۆژی تێکۆشان و ڕێکخراوبوون دژی توندوتیژی".