پشتیوانی ژنانی ئەوروپا شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژنی شەرمەزار کرد

پشتیوانی ژنانی ئەوروپا ڕایگەیاند یادی ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکان لە تێکۆشانی خۆیان زیندوو دەهێڵنەوە و لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکە دەکەن، دەڵێت: "حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە دەبێت بزانێت لەگەڵ هەر کوشتنێک بەهێزتر هەڵدەستینە سەر پێ".

پشتیوانی ژنانی ئەوروپا (AKD) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵانێکە دەوڵەتی تورک بە تایبەت لە باشووری کوردستان بەردەوامە لە کوشتنی سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسانی ژن، دەڵێت: "پاش سەردانەکەی پەدەکە لە تورکیا، هێرشەکانی ڕژێمی کۆشکی فاشیست بە هاوکاری و پشتگیری پەدەکە دەکرێن".

هەروەها ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شکستی هێناوە، بۆیە بەم هێرشانە دەیەوێت شکستەکانی دابپۆشێت، دەڵێت: "هاوکار و سیخووڕە ناوخۆییەکان بناغەی ئەم کۆمەڵکوژییانە ئامادە دەکەن".

پشتیوانی ژنانی ئەوروپا بەڕێزەوە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بیردەهێنێتەوە و بەڵێن دەدات درێژە بە تێکۆشانیان بدەن و لێپرسینەوە لە بکوژان بکەن، دەڵێت: "بەرامبەر هەموو هێزە ستەمکار و داگیرکەر و کۆمەڵکوژەکان بێدەنگ نابین.

دەبێت حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بزانێت، لەگەڵ هەر کوشتنێک، ئێمە بەهێزتر هەڵدەستینە سەر پێ".