ڕێپێوانی ٨ی مارس لە مەخموور: ناتوانن ڕۆژی ژنان تاریک بکەن

ژنانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی بە بۆنەی ڕۆژی ٨ی مارس ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا، پەیامی "ناتوانن ڕۆژی ژنان تاریک بکەن" خوێنرایەوە.

بە پێشەنگایەتی مەجلیسی ئیشتاری کەمپی شەهید ڕوستەم جودی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکاری ٨ی مارس بەڕێوە چوو. ئەمڕۆ لەلایەن ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانەوە لە پارکی شەهید ئاریان جودی پەیامی "ناتوانن ڕۆژی ژنان تاریک بکەن"خوێنرایەوە.

 ژنان بە جلوبەرگی نەریتی خۆیانەوە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ژنانی پێشەنگ شەهیدیان هەڵدابوو.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان، قیمەت شڕناخی وتارێکی پێشکەش کرد.

شڕناخی، ٨ی مارسی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو ژنانەی لە ڕیزەکانی تێکۆشاندا گیانیان بەخت کردووە، ڕایگەیاند کە ٨ی مارس  تەنیا بە یەک ڕۆژ سنووردار نییە و وتی: " ٨ی مارس ڕۆژی سەرهەڵدانە دژی کۆیلایەتیە کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە. نەک تەنها ژنانی کورد، هەموو ژنانی جیهان ڕووبەڕووی هەمان نادادپەروەری بوونەتەوە، هەرچەندە دەوترێت ئێمە لە سەدەی نوێداین، بەڵام ڕۆژانە ڕووبەڕووی کوشتنی ژنان دەبینەوە. ژن خولقێنەری ژیانە، بەڵام دەسەڵاتداری پیاوان ئەم مافەی لە ژنان وەرگرتووتەوە و خستوویەتی پلەی دووەمەوە، جارێکی دیکە ٨ی مارس بەتایبەت لەو ژنانەی لە زیندانیانەی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدان دەکەن و ئەو ژنە ڕەنجدەرانەی بە خەباتی خۆیان ئەم ڕۆژەیان بە ئێمە بەخشی پیرۆز دەکەین، جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە کە کەس ناتوانێت ڕۆژی ژنان تاریک بکات."

دوای وتارەکە گەل بە سترانەکان سەمایان کرد.