ڕێپێوانی ژنان لە سویسرا: پێویستە تێکۆشانی فیمینیستی بەرفراوانتر ببێتەوە!

لە سویسرا بە بۆنەی مانگرتنی ژنانی فیمینیست بە دەیان هەزار ژن ڕژانە گۆڕەپانەکان و لە دژی جیاکاری ڕەگەزیدا بانگەوازی بەهێزکردنی تێکۆشانیان کرد.

مانگرتنی ژنانی فیمنیست لە سویسرا

ئەو ژنانەی کە لە سویسرا دەژین، بە بۆنەی مانگرتنی نەریتی ژنانی فیمینیستی لە ١٤ حوزەیران لە چەندین شار، بە تایبەت لە بیرن، لۆزان، جنێف و...هتد ڕژانە گۆڕەپانەکان. لە سەرانسەری وڵاتدا زیاتر لە سەد هەزار ژن بەشداری چالاکی بوون کە بە پێشەنگایەتی سەندیکا و ڕێکخستنەکانی ژنان ئەنجام درابوون. ژنان داخوازی موچەی یەکسان و خانەنشین بوونێکی گونجاویان کرد. لەگەڵ ئەمەشدا ژنان لە دژی جیاکاری ڕەگەزی، توند و تیژی دەسەڵاتداری پیاوسالاری توڕەی خۆیان پیشاندا.

'ژن شەڕی ناوێت'

ژنان کە لە دژی سیاسەتەکانی جیاکاری ڕەگەزی جارێکی دیکە هۆشیارییان دایەوە بە دەسەڵاتداری ، هەروەها تیشکیان خستەسەر ئەو هەموو شەڕەی لە زۆربەی جێگەکانی جیهاندا دەقەومێ و پەیامی 'ژن شەڕی ناوێت'یان دا. ئاماژەیان بەوەدا بۆ داهاتووی ژیانی کۆمەڵایەتی فیمینیزم هیوایە.

هەرچەندە مانگرتنی ژنانی نەتەوەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا بە شداری ملیۆنان ژن ئەنجامدرا کەچی سیاسەتەکانی جیاکاری لە زۆربەی گۆڕەپانەکانی وڵاتدا زیاتر بوو و ژنان ئاماژەیان بەوەدا هیچ کاتێک ژنان لە تێکۆشان ناکشێنەوە لە بەرامبەر سیاسەتی دەسەڵاتداری پیاوسالارییدا.

لە چالاکیەکەدا لە چەندین شاردا باس لە زیاتر بوونی سیاسەتەکانی دژ بە کۆچبەری و بەرزبوونەوەی سیاسەتەکانی ڕاست ڕەوەکان لە ئەوروپا کرا و ئاماژەیان بەوەدا پێویستە تێکۆشانی فیمینیستی بەرامبەر هەڵکشانی ئەم سیاسەتانە بەهێزتربکرێت.

ژنانی کورد: بەرخۆدان ئازادییە

ژنانی کوردی کۆچبەر لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیانەوە بە ڕەنگ و دەنگی خۆیەوە بەشداری چالاکیەکان بوو لە هەندێک چالاکی شارەکاندا لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی کوردی سویسرا قسەیانکرد.

لە قسەکانیاندا ئاماژەیان بە گرنگی تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنانی سویسرا کرد و گوتییان: "دەرنجامەکانی شەڕی یەکسەرەی دەسەڵاتداری تەنها لە کارگە و جەستەماندا نیە، بەڵکو هەست بەم هێرشانە لە سەر ژینگە و تەواوی جیهاندا دەکەین. وەک ژنانی کورد کە سویسرا دەژین، لە کۆڵانەکاندا دەبین و بەشداری مانگرتنەکان دەکەین. لە دژی سیاسەتەکانی شەڕ و کۆچبەری لە تێکۆشانمان بەردەوام دەبین."

هەر لە چالاکیەکەد باس لە ڕۆڵ و گرنگی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کرا و ئاماژە بەوەدرا پێویستە بەم دروشمەوە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا هاوپشتی ژنان لەیەکتر بکرێت و لە تێکۆشان بەردەوام بین تا بەدەستهێنانی مافەکانمان.

بیرن: پێویستە تێکۆشانی ژنان بەرفراوانتر بکرێت

چالاکی هەرەگەورەی مانگرتنی ژنان لە بیرنی پایتەختبوو. ژنان لە گۆڕەپانی ریتسخولییەوە بە دروشمی 'پشتگیری لە فیمینزم و لە دژی ڕەگەزپەرستی' هەتا پێش پەرلەمانی سویسرا ڕۆشتن.

لە ڕێپێوانەکەدا زیاتر لە ٣٥ هەزار ژن بەشداربوون و شارەکە ڕەنگی مۆری لە خۆی گرت، لە تەواوی ڕێپێوانەکەدا چەندین جار "گەر ژن بوەستێت، جیهان دەوستێت"، "داوای کاری یەکسانی و موچەی یەکسان دەکەین" و "بژی تێکۆشانی فیمینیستی" بەرزکرانەوە.

ژینا ئەمینی ڕێ نیشاندەرە

لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ژینا ئەمینی بەرزکرابووەوە کە لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە کوژرا، چەندی جار دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرزدەکرایەوە.

دوای گەیشتنی ڕێپێوانەکە بە پەرلەمانی سویسرا، گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا. تیشکخرایە سەر سیاسەتی جیاکاری ڕەگەزی و ئاماژە درا بەوەی ژنان هیچ کاتێک لە تێکۆشان ناکشێنەوە. لە لێدوانەکاندا ئاماژە درا بەوەی پێویستەلە ماڵ، لە کار و قوتابخانە و هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا تێکۆشانی فیمینیستی بەرفراوان و بەهێزتربکرێت.