'پێویستە لە دەستووری نوێی سوریادا مافی ژنان بپارێزرێت'

هەدیە شەمۆ وتەبێژی یەکێتی ژنانی ئێزیدی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند؛ پێویستە سیستەمی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیک خاڵی سەرەکی بێت و وتی: "وەک ژنانی ئێزیدی پێویستە مافی ژنان لە دەستووری نوێی سوریادا بپارێزرێت".

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بە تایبەت کە ژنان لە ژێر سیستەمی دیکتاتۆری ڕژێمی بەعسدا لە هەموو مافێک بێبەش کران، مۆڕاڵی گەلی سوریا بەرز بووەوە. هەروەها بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، مافی هەموو گەلان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پارێزراو بوو. هەروەها ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن. بە هاتنی ئیدارەی کاتی سوریا، ژنان دەیانەوێت مافەکانیان لە دەستووری نوێی سوریادا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە پارێزراو بێت. بەڵام دەسەڵاتی تەحریر شام (هەتەشە) دەیەوێت لە سوریا مافی ژنان پێشێل بکات و سیستەمی پیاوسالاری نوێ بکاتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ژنانی سەرجەم پێکهاتە و ڕێکخراوەکان لەو بارەیەوە وۆرک شۆپێکی ڕاوێژکارییان ئەنجامدا و جەختیان لەوە کردەوە کە بە بێ لەبەرچاو گرتنی مافی ژنان، دامەزراندنی سوریا قبوڵ ناکەن. لە میانی وۆرک شۆپەکەدا، هەدیە شەمۆ، وتەبێژی یەکێتی ژنانی ئێزیدی ڕۆژئاوا، لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

'سوریا پێکهاتەیەکی زۆر لە خۆدەگرێت'

هەدیە شەمۆ وتەبێژی یەکێتی ژنانی ئێزیدی ڕۆژئاوا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد: "لە سوریادا جوانترین شت فرە چەشنی گەلانە. لە هیچ شوێنێکی جیهاندا هێندەی سوریا پێکهاتە هەمەچەشنیەکان لە دەور یەک کۆنەبوونەتەوە. هەمووان وەک خوشک و برا پێکەوە ژیان دەکەن. بەڵام بەداخەوە لە سیستمی دیکتاتۆری بەعسدا بەشێکی زۆر لەو گەلانە لە مافەکانیان بێبەش کران. نموونەی هەرە بەرچاو گەلی ئێزیدییە کە بەرگەی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و کۆمەڵکوژی و کوشتار و قڕکردنێکیان گرتووە. هەروەها ئێمە بە هیچ شێوەیەک هیچ مافێکمان نەبوو و لە کۆمەڵگاکەتاندا جێگەیەکمان نەبوو."

'هەتەشە ناتوانێت عەقڵیەتی خۆی بەسەر ژناندا بسەپێنێت'

هەدیە شەمۆ لە قسەکانیدا ئەوەشی وت؛ کە ئەوان زۆر دڵخۆش بوون کاتێک سیستەمی دیکتاتۆری بەعس ڕووخێنرا. بەڵام دەبینین ئەم ئیدارە نوێیە لە سوریاش دەیەوێت هەمان سیستمی بەعس بەسەر ژنان و گەلانی سوریادا بسەپێنێت. هەتەشە دەیەوێت سوریا بە پێی عەقڵیەتی خۆی بەڕێوە ببات و بەتایبەت دەیەوێت بەم عەقڵیەتە ژنان بکاتە ئامانج و مافەکانیان سەرکوت بکات. ئەم عەقڵیەتە ناتوانێت ئیدارەی سوریا بکات، چونکە ژنان چیتر ژنانی جاران نین ئەگەر مافەکانیان زەوت بکرێتەوە، هێزی ئەوەیان هەیە بەرامبەر ئەم عەقڵیەتە بوەستنەوە و داوای مافەکانیان بکەن. بە پێی عەقڵیەتی خۆیان ژنانیان پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی بەژنانی دیکە ڕابگەیەنن داوای مافەکانیان نەکەن. بەهەزاران ژن لە پێناو ئازادیدا گیانی خۆیان بەخت کرد، ئێمە قەد خوێنی شەهیدانمان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین و هەتا کۆتایی خاوەنداری لێدەکەین. لە سوریا هەموو پێکهاتەکان دەژین، بەدەیان ئایین و باوەڕ هەیەم بۆیە ناتوانرێت ئەم عەقڵیەتە بەسەر گەلاندا بسەپێندرێت."

'ئێمە قبوڵ ناکەین سوریایەک بەبێ ڕاوێژکاری لە گەڵ ژنان بنیات بنرێت'

هەدیە شەمۆ بەبیری هێنایەوە کە وۆرک شۆپی ڕاوێژکاری ژنان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان بە ئامانجی ئەوەی هەرکەس دان بە ئیرادەی ژنانی سوریا بنێت دەستی پێکرد و وتی: "بەهۆی ئەم دۆخە و ئەو یاسایانەی کە ئیدارەی تەحریر شام بەسەر ژناندا دەیسەپێنێت، ئێمە وەک ژنان لە هەموو پێکهاتە و ڕێکخراوەکانەوە وۆرک شۆپێکی ڕاوێژکاریمان ئەنجامدا. لەم وۆرک شۆپەدا زۆر شت باس و هەڵسەنگاندنی بۆکرا، ژنانیش کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بەم عەقڵیەتە نیشاندا. ئامانجی سەرەکیمان بۆ ئەم وۆرکشۆپە ئەوە بوو کە ژنان لە دەستووری نوێی سوریادا پێگەیەکی سەرەکی بن. بۆیە قەد بەبێ مافی ژنان و ڕاوێژکاری لەگەڵ ژنان سوریایەکی نوێ قبووڵ ناکەین. دەبێت سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ببێتە خاڵی سەرەکی دەستووری نوێی سوریا. بۆیە لەوباوەڕەداین کۆمەڵگایەک کە لەسەر فکری ژنان بنیات بنرێت قەد شکست ناهێنێت و هەمیشە پێشکەوتووانە دەمێنێتەوە."

لە کۆتاییدا هەدیە شەمۆ سڵاوی لە بەرخۆدانی یەپەژە کرد لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و وتی: "ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی داوا دەکەین لە دەستووری نوێی سوریادا مافی ژنان دەبێ پارێزراو بێت و سوریایەکی دیموکراتیک دابمەزرێت."