"پێویستە ڕەشنووسی یاسای هاوسەرگیری مناڵانی ٩ ساڵ لە عێراق بکشێنرێتەوە"

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد ڕایگەیاند، پێویستە لە عێراق ڕەشنووسی یاسای هاوسەرگیری مناڵانی تەمەن ٩ ساڵ بکشێنرێتەوە بانگەوازی مەزنکردنی تێکۆشانی هاوبەشی کرد.

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد (ڕێپاک) بە ڕاگەیاندراوێک ئاماژەی بەوە کرد، ماوەیەکی زۆرە ڕەشنووسی یاسای هاوسەرگیری مناڵان لە ١٥ ساڵییەوە بۆ ٩ ساڵی لە پەرلەمانی عێراق، بووەتە ڕۆژەڤی ڕای گشتی.

جەختی کردەوە، ئەگەر هەڵوێستێکی ناڕەزایەتی بەهێز پێش نەکەوێت، پێدەچێت ڕەشنووسەکە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت.

ڕێپاک ئاماژە بەوە دەکات چارەسەری قەیرانەکان بە دیموکراتیکبوون و ئازادی ژن تێدەپەڕن و هەر ئەمەش بە سوودی گەلانی عێراق دەشکێتەوە، دەڵێت: " ئەم پرۆژە یاسایە سەبارەت بە هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ لە پەرلەمانی عێراق، واتای قوربانیدانە بە چارەنووسی گەل و ژنانی عێراق بۆ بلۆکی فاشیستی هەرێمی. لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلی کورد و ژنان و مرۆڤایەتی لە هەموو جیهاندا داعش تێک شکێنرا. ئەو ئامانجەی کە داعش لە هەرێمەکەدا بەدەستی نەهێنا، ئەمجارە هەوڵ دەدرێت لەڕێگەی هاوپەیمانی تورکیا-پەدەکە قڕکردن دژی گەل و ژنانی کورد و عەرەب پێک بهێنن".

بانگەواز لە حکومەتی عێراق دەکات خاوەندارێتی لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و ژنان بکات، دەڵێت: "لەبری ئەوەی لەگەڵ بلۆکی فاشیستی ڕێک بکەون، پێویستە سیاسەتی دیموکراتیک بەبنەما بگرن و پرۆژە یاسای هاوسەرگیری مناڵانی ٩ ساڵی بکشێننەوە".

بانگەواز لە ژنان و بزووتنەوە فێمێنیستەکان و ڕای گشتی دیموکراتیک دەکات، پشتگیری لە تێکۆشانی ئازادی ژنانی عێراق بکەن و یەکێتی گەردوونی و تێکۆشانی هاوبەش دژی هاوسەرگیری مناڵان مەزن بکەن".