پیرانشار؛ ژنێک بە هۆی سوتانەوە گیانی لەدەستدا

دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ژنێکی گەنج کە دەوترێت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە، گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی یەکشەممە لەیلی پایمەرد خەڵکی پیرانشا پاش چوار رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە کە دایکی دوو منداڵ بووە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی (م.ر) لە ماڵەباخەکەیان ئاگری تێبەردراوە و دواتر بە مەبەستی چارەسەری ئەو ژنە گواسترابووەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی.

بەگوێرەی زانیارییەکان هاوسەری ئەو ژنە دوای ئەوەی بە سوتاوی لەیلی پایمەردی لەبەردەم ماڵی باوکی جێهێشتووە، بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و تائێستاش دەستگیرنەکراوە.

جێی باسە پێشتر پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) و کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) هەڵمەتێکیان لەپێناو خۆرێکخستن و خۆپاراستنی ژنان دەستپێکردبوو و باسیان لەوەشکردبوو کە ئەمە تاکە گەرنتیکاری پاراستنی ژنانە لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی پیاوسالاری ولەو چوارچێوەشدا داوایان لە ژنان کردبوو پەیوەست بن بەو کەمپینەوە.

هـ . ب