سپێدە قۆلیان لە نامەیەکی کراوەدا دوێنێ ناڕەزایەتی بەرامبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکوانی مافەکانی ژنان نیشان دابوو. ئەمرۆش نامەیەکی دیکەی، لەبارەی گرنگی و کاریگەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و سزای لەسێدارەدانی هەردوو ژنە چالاکوانی کورد وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بڵاوکردووەتەوە و لە نامەکەدا هاتووە، "ئەوان لە دەنگی ژنان دەترسن، چونکە دەزانن دەنگێکە کە لە سەدەیەک ستەم و چەوساندنەوەوە سەرچاوەی گرتووە، زایەڵەکەی لە شەقامدا بیستراوە. ئەوان دەزانن "ژن، ژیان، ئازادی" تەنیا یەک دروشم نییە، زنجیرێکی لەیەکتەنراوە، دەستەکان بە دەستەکان، دەنگەکان بە دەنگەکان دەبەستێتەوە". سپێدە قۆلیان لە کۆتایی نامەکەیدا رایگەیاندووە: "دەبێت دەنگمان بکەینە هاوار، دەبێت کارێک بکەین هەمووان گوێیان لێبێت کە ئێمە مەرگمان ناوێت، وەریشە و پەخشان دەبێت بە زیندوویی بمێننەوە".
دەقی دووەم نامەی سپێدە قۆلیان بەم جۆرەیە:
"ژن، ژیان، ئازادی" نەک یەک دروشم، بەڵکوو برینێکی کراوەیە؛ برینێک کە لە سەر جەستەی ئەم نیشتمانە ماوەتەوە، بەڵام هەموو کات لە هەناوی ئەو برینەوە، ژیان دەڕوێتەوە. ئەم سێ وشەیە، لە کوردستانەوە سەرچاوەیان گرت و گەیشتنە شەقام، زار و دڵەکان، نەک وەک وشە، بەڵکوو وەک لێدان و خورپەی دڵ. ئەم دروشمە، نەخشەڕێیەکە بۆ بە زیندوویی مانەوە لە وڵاتێک کە مەرگ بووەتە یاسا.
مەرگخوازان دەیانەوێت پەتی سێدارە بخەنە ملی ئەم سێ وشەیەوە، نەک هەر بۆ کوشتنی دوو ژن، بەڵکوو بۆ برینەوەی ریشەی ئازادی. وەریشە مورادی و پەخشان عيزیزی، دوو ژنی کورد، ئەمڕۆ تێکۆشەرانی ئاشکران کە ناویان لە سەر لێومانە، بەڵام سێبەری سێدارە، بەسەر هەموومانەوە قورسایی هەیە.
فەرماندەران و جێبەجێکەرانی سزای مەرگ، خۆیان تووشی شەڕی خۆر و رووناکی کردووە. دەیانەوێت سەر بە چیاکان نەوی بکەن و خرۆشانی ئاو رابگرن. بێ ئاگان لەوەی کە رەگی داربەڕووەکان هەموو کات لە ژێر خاکدا زیندوون و لە خاکی بە خوێن پاراوکراوی ئەم وڵاتە هێز وەردەگرن. ئەوان لە دەنگی ئەم ژنانە دەترسن، چونکە دەزانن ئەوە دەنگی یەک سەدە ستەمەوە، زایەڵەکەی لە شەقامەکان دەبیسترێت. ئەوان دەزانن "ژن، ژیان، ئازادی" تەنیا یەک دروشم نییە؛ زنجیرێکی لەیەکتەنراوە، دەستەکان بە دەستەکان و دەنگەکان بە دەنگەکانەوە دەبەستێتەوە.
ئافرێنەرانی مەرگ هەوڵ دەدەن رووخساری دزێو و ناحەزیان لە پشت دەمامکی ساختەوە بشارنەوە. هێلەکانی دیاری دەکەن، ترس و تۆقین بڵاودەکەنەوە، تا دەنگی ئەم زنجیرە کپ بکەن. بەڵام دەزانین کە خۆدوورخستنەوە لە هێڵی حکومەت بەس نییە. دەبێت دەنگمان بکەینە هاوار. دەبێت کارێک بکەین کە هەمووان بیبیستن کە مەرگ قەبوڵ ناکەین.
وەریشە و پەخشان دەبێت بە زیندوویی بمێننەوە. ئەوان دەمار و خوێنبەری ئەم زنخیرانەن. ئەم شەڕە لە پێناو ژیاندایە کە لە چیاکانی کوردستانەوە تا پێدەشتەکانی بەلوچستان، لە شەقامەکانی ئازەربایجانەوە تا گوندەکانی خوزستان، دەستەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.
سپدە قۆلیان
٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣
زیندانی ئێڤین".