رۆژهەڵاتێک لە بۆتانەوە روویکردە کۆبانێ

سورخوێن رۆژهەڵات لە باکور، رۆژهەڵات و باشووری کوردستان گەریلایەکی یەژا ستار بوو، لە رۆژئاوای کوردستانیش پێشەنگایەتی کرد. سورخوێن ئەزمونەکانی خۆی لە رۆژئاوا بۆ ژنانی رۆژهەڵات گواستەوە.

سورخوێن رۆژهەڵات (فاتمە ساکان) لە بۆتانەوە رووی کردە کۆبانێ بۆ ئەوەی بەشداری لە شەری دژ بە داعش بکات و لەو شەڕەدا رۆلێکی گرنگی هەبوو. سورخوێن لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکی دگیرکەر لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ بۆ سەر ناوەندی فیدراسیۆنی کەمئەندامانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە گەڕەکی عەرباویەی قامیشلۆ لە گەڵ هاوڕێی خۆی، ئازادی دێرک شەهیدبوو. نوجان رۆژهەڵات هاوڕێی سورخوێن باسی لەوەکرد کە ئەو شۆڕشگێڕێکی پارچەیەک نەبوو، ئەو شۆڕشگێڕێک بوو کە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بە قووڵی هەست پێدەکرد و وتی، "سورخوێن مێژوویەک بوو و مێژووی نوسیەوە".

سورخوێن رۆژهەڵات ساڵی ١٩٨٥ لە شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوو. بە چیرۆکەکانی تێکۆشانی عەشیرەتی جەلالی و گوندی گرکێی ماکۆ گەورەبوو. تەمەنی زۆر بچوک بوو کە بەهۆی سەردانیان بۆ گوندەکەیان، گەریلاکان دەناسێت. هەندێک جار هەواڵ و زانیاری دەگەیاندە گەریلاکان و کاری لەگەڵ دەکردن و هەندێک جار لە نێوان گەریلا و گەلدا ببووە پرد. هاوڕێی سورخوێن، نوجان رۆژهەڵات تێکۆشانی سورخوێنی گێڕایەوە، کە لە ٢٠٠٦ چووەتە ریزەکانی گەریلا و لە ٢٠١٤دا لە بۆتانەوە روویکردووەتە کۆبانێ.

نەریتی بەرخودان کەسایەتی سەرهەڵدێر و راپەڕیو دەخوڵقێنێت

نوجان رۆژهەڵاتی سەرنجی بۆ سەر خاکی ماکۆ کە شەهید سورخوێن تیایدا لەدایکبوو راکێشا و وتی، "هەڤاڵ سورخوێن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. رۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەتی دێرینی هەیە. تایبەتمەندی هەرێمەکە وەک پارێزگاری، بەرەوپێشبردن و خاوەنداری لە کولتور، پاراستنی خاک و پاراستنی زمان بەرچاوە. سەرباری پلانە چەپەڵەکانی دوژمنان بۆ سەرکوت و بێدەنگ کردنی سەرهەڵدانەکان، بەڵام گەلی کورد بە شێوەی جیاجیا بەرامبەر بە هێرشانە خۆڕاگرییان کردووە. هەڤاڵ سورخوێن لە خاکێکی بەوجۆرە لە دایکبوو. شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بە وڵاتپارێزی خۆیەوە دەناسرێتەوە. تایبەتمەندیەکانیان وەک قەبوڵنەکردنی دوژمن و خاوەنداری لە کولتور بووەتە مایەی ئەوەی لەو خاکەوە کەسایەتی سەرهەڵدێر و راپەڕیو هەڵبکەون.

بە چیرۆکەکانی سەرهەڵدان و کۆمەڵکوژیەکانەوە گەورەبوو

هەڤاڵ سورخوێن لە عەشیرەتی جەلالیەکانە. عەشیرەتی جەلالی عەشیرەتێکی بەو جۆرەیە کە لە بەرامبەر دوژمندا بەردەوام خۆڕاگری کردووە، بەردەوام رووبەڕووی دوورخستنەوە بووە، هەرگیز سیستمی دوژمنی قەبوڵ نەکردووە و هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشانی خۆی نەبووە. هەڤاڵ سورخوێن منداڵی عەشیرەتێکی خاوەن ئەو تایبەتمەندیانەبوو، ژنێک بوو کە بەو چیرۆکانە تێکۆشان گەورە ببوو. هەڤاڵ سورخوێن خەڵکی گوندی گرکێیە. ئەو گوندە کەوتووەتە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکوور. لە نزیک چیای ئاگریە. گوندی گرکێ شایەتی تێکۆشانی گەلی زیلان و تێکۆشان و کۆمەڵکوژیەکانی دیکە بووە. گوندی گرکێ هەرگیز دوژمنی قەبوڵ نەکردووە. چۆکی بەرامبەر بە دوژمن دانەداوە و نەکەوتووەتە ژێر کاریگەری دوژمن. هەڤاڵ سورخوێنیش بە چیرۆکەکانی ئەو بەرخودان و کۆمەڵکوژیانەوە منداڵی خۆی بەسەربردووە.

بنەماڵەکەی وڵاتپارێزبوون

بنەماڵەی هەڤاڵ سورخوێن وەک بنەماڵەیەکی گرێدراو و هۆگری خاک و کولتوری خۆیان بوون. بنەماڵەیەک کە سەرەڕای هەموو هێرشەکانی دوژمنیش داکۆکیان لە وڵاتپارێزی خۆیان دەکرد. هەڤاڵ سورخوێن لە گوند و بنەماڵەیەکی بەو جۆرە کە بەردەوام گەریلای پاراستووە و دەرگای ماڵەکانی بۆ گەریلا خستووەتە سەر پشت و برینەکانی گەریلاکانی پێچاوەتەوە، گەورەبووە و شایەتی هەموو ئەوانە بووە. هەر لە منداڵیەوە دەچووە ئەو شوێنانەی کە گەریلاکانی نەیاندەتوانی بچن و ئەو زانیاری بۆ کۆدەکردنەوە و یارمەتی ملیس و گەلی دەدا. لە تەمەنێکی زۆر کەمدابوو کە ئەو ئەرکانەی گەریلاکان پێیان دەسپارد جێبەجێی دەکردن.

جۆش و خرۆش و ورەی خۆی بە کۆمەڵگادا بڵاوکردەوە

لە ناو بنەماڵەیەکی بەو تایبەتمەندیانەوە گەورەبوو، خاوەن کەسایەتیەکی سەرهەڵدێر بوو و بەردەوام عەوداڵی دۆزینەوەی حەقیقەت بوو. بە خێرایی قایل نەدەبوو. کاتێکیش لە بابەتێکدا قایل نەبووایە، کەسایەتیە خۆڕاگرەکەی دەردەکەوتەپێشەوە. تایبەتمەندیەکانی کەسایەتیەکەی کاریگەری دەکردە سەر بنەماڵەکەشی. ئەو ورە و جۆش خرۆشەی خۆی بە کۆمەڵگادا بڵاوکردەوە. بنەماڵەکەی رێزێکی زۆریان بۆ دادەنا و گرنگیان بە بیرکردنەوەکانی و زۆریان خۆشدەویست. دەیتوانی لەگەڵ هەموو کەس بە ئاسانی پەیوەندی ساز بکات. لەبەرامبەر هیچ شتێکدا چۆکی دانەدەدا. بە کەسایەتی خۆی کە دەیخوێند و لێکۆڵینەوەی دەکرد، ناسرابوو.

لە ساڵی ٢٠٠٦دا چووە ناو ریزەکانی پەکەکەوە

نوجان رۆژهەڵات ئاماژەی بەوەکرد، کە شەهید سورخوێن رۆژهەڵات ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ شەهید شیرین عەلەمهولی و چەند هەڤاڵێکی بەشدارییان لە ریزەکانی گەریلا کردووە و وتی، "سورخوێن هەر لە منداڵیەوە بزوتنەوەی ئازادیی کوردستانی ناسیبوو و لە ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ چوار هەڤاڵی خۆی بە ناوەکانی شەهید شیرین عەلەمهولی، شەهید رۆژدا ماکۆ و شەهید روکەن ئەدێسا و هەڤاڵێکی دیکەیان کە ئێستاش لە ناو تێکۆشاندایە ، چوونە ریزەکانی پەکەکەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٩ دا خۆی گەیاندە چیاکانی کوردستان

لە قەندیلەوە تا بۆتان لە کەسایەتی خۆیدا هاوڕێیەتیەکی بە بنەماگرت، کە وەک کەسایەتیەکی جەنگاوەر رێبەر ئاپۆ دەیویست بیخوڵقێنێت. گەڕان بەدوای ئەوەی مرۆڤی ئازاد، ژنی ئازاد کێیە، مرۆڤێکی ئازاد چۆن دەژی، ئەوانەی بە ئامانج گرتبوو. کاتێک بیستم کە سورخوێن بەشداری لە ریزەکانی پەکەکەدا کردووە زۆر دڵخۆش و پڕ جۆش و خرۆش بووم، بە ئاواتەوەبووم بیبینم. بیستم کە ساڵی ٢٠٠٩ هاتووەتە بۆتان. من لە بۆتان بووم. ئەو کاتەی گەیشتە بۆتان قۆناغێکی دژوار لەئارادابوو. هێرشەکانی دوژمن لە بەرزترین ئاستدابوون. لە وەها سەردەمێکدا وەک گەریلایەکی یەژا ستار رووی کردە بۆتان.

لە چیای جودی فەرماندەیی کرد

بۆ جودی ئەرکدارکرابوو، بەڵام بەهۆی هەلومەرجەوە ناچاربوو کە لە بەستا بمێنێتەوە. دوای ماوەیەک رووی کردە جودی. وەک فەرماندەیەک لە بۆتان بووە ژنێکی پێشەنگ. لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی هەڤاڵێتیدا و لە تاکتیکەکانی شەڕدا گەریلایەکی بە ئەزمون بوو. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ خەڵدا هەبوو. خەڵکی جودی زۆر خۆشیان دەویست. بە شێوازی بەرێکختنکردنی خۆی کاریگەری زۆری لەسەر گەل دانابوو. لە دژوارترین سەردەمەکاندا بەشداری لە پڕمەترسیترین چالاکیەکاندا دەکرد. لە چالاکیەکاندا تا ئەنجامی بەدەستنەهێنایە ، نەدەگەڕایەوە.

لە ساڵی ٢٠١١دا لە چیای جودی زیانی گیانی بەر هێزەکانی گەریلا کەوت و سەردەمێکی دژواربوو، شایەتی ئەو سەردەمەش بوو. بەڕێوەبەرانی کەمپەکە شەهیدببوون، کەمپەکە ئاشکرا ببوو، بەڵام ئەوەش نەبووە مایەی کەمبوونەوەی جۆش و ورەی ئەو. سەرەڕای ئەو دۆخە جۆش و خرۆش و ورەی بە هاوڕێیانی دابوو وپێشەنگایەتی بۆ کردبوون. بە دوای هێنانەدی خەون و ئاواتی هاوڕێ شەهیدەکانیەوەبوو. فەرماندەیەکی مەیدانی بوو. لە بەرەوپێشبردنی تاکتیکەکانی نوێی شەڕ، پاراستنی هەڤاڵان و گەڕان بەدوای شێوازی نوێدا کەسایەتیەکی داهێنەرانەی هەبوو.

لە تێکۆشانی خۆبەڕێوەبەریدا پێشەنگ بوو

سورخوێن لەهەمان کاتدا لە قۆناغی خۆبەڕێوەبەریدا کە لە باکووری کوردستان دەستیپێکرابوو، بووە شایەت و گەواهیدەرێک. سەردەمێکی پڕ لە تێکۆشان بوو و لە چیا ئازادەکانی بۆتان یەک لە پێشەنگەکانی ئەو تێکۆشانەبوو. ئەو سەردەمە پێویستی بە رێکخستنی ئەو جەنگاوەرانە هەبوو کە پێشەنگایەتی ئەو قۆناغەیان دەکرد. سورخوێن فەرماندەیەکی لەو جۆرەبوو کە درکی بە قورسایی ئەو سەردمە کرد و بەو جۆرە تیایدا ژیا. بەردەوام هەوڵی دەدا یادی هاوڕێ شەهیدەکانی بە زیندوویی رابگرێت و ئاڵای تێکۆشانی وەرگرتبوو و بە قووڵی درکی بە تێکۆشانی سەردەم کردبوو. بە بێ دوودڵی بەشداری لە ناو ریزەکانی پەکەکەدا کردبوو و تیایدا ژیا.

گەشتێکی مێژوویی لە بۆتانەوە بەرەو کۆبانێ

نوجان رۆژهەڵات بەم جۆرە باسی لە گەشتی تێکۆشانی سورخوێن لە بۆتانەوە بەرەو کۆبانێ کرد: "شەڕی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستیپێکرد. هەڤاڵ سورخوێن لە ناو گروپی یەکەمدا نەبوو کە پەڕیبوونەوە بۆ کۆبانێ. لەو سەردەمەدا سورخوێن لە بارەگا بوو. گەریلایەک بوو کە شایەتی جۆش و وەی گروپەکانی کۆبانێ و رۆیشتنی شەهید گەلهات بوو بۆ کۆبانێ. هەڤاڵ سورخوێن و شەهید گەلهات وەک جودی لە کۆبانێش پێکەوە بوون. هەڤاڵ سورخوێن لە گەڵ ٢٠ هەڤاڵی خۆی لە بۆتانەوە روویانکردە کۆبانێ. ئەو پەڕینەوەیە لەو کاتەدایە کە دەوڵەتی تورک دەیگوت 'کوبانێ لە لێواری کەوتندایە'. ئەو پەڕینەوەیە لەو کاتەدابوو کە ئەردۆغان دەیویست خەونی عوسمانی خۆی بهێنێتەدی و دەسەڵاتی خۆی بەهێز بکات. ئەو پەڕینەوەیە بۆ قۆناغێکی مێژوویی پێشەنگایەتیەکی گەورەبوو. بەو رۆحەوە وەک گەریلایەکی یەژاستار بەشداری لە بەرخودانی کۆبانێ کرد. وەک هاوڕێیەک بووە وەڵام بۆ بانگەوازی سەفەربەری رێبەر ئاپۆ لە پێناو کۆبانێ و بووە عەدولی کۆبانێ.

فەرماندەیی بەرەی کانی کوردان

سورخوێن لە بەرەی کانی کوردانی کۆبانێدا وەک فەرماندەی بەرە ئەرکداربوو. دژوارترین بەرەبوو کە دوژمن قورسترین هێرشەکانی دەکردە سەر. لە نزیک سنووری تورکیا بوو و دەروازەیەکی سنووری لەوێدا هەبوو. بۆ دەوڵەتی تورک بەرەیەکی ستراتیژیکبوو کە لەوێوە لۆجستی و جبەخانەی دەگەیاندە داعش. لەبەر ئەوەش هێرشەکان بۆ سەر ئەوێ زۆر دژواربوون. لە وەها بەرەیەکدا شان بە شانی شەهید گەلهات فەرماندەیی بەرەی لە ئەستۆ بوو. بۆ ئەوەی لە بەرەی کانی کوردان شەڕ بکات، هەڤاڵانی خۆی رێکدەخست، لەپێناو رزگارکردنی هەڤاڵانی بریندار و تیمارکردنی برینەکانیان، فیداکارییەکی زۆری نیشاندا.

بە رۆحی بێریتان و زیلانەکان شەڕی کرد

لە کانی کوردان بە تایبەتیش وەک ژنێک نیشانیدا کە پێویستە رۆحی ئاپۆیی چۆن بەزیندوویی رابگیرێت و هەڵوێستێکی ژنانی گیانبازی نیشاندا و بۆ هەڤاڵانی بووە نمونە. سورخوێن فەرماندەیەک بوو کە لەناو شەڕی دژواریشدا هەڤاڵانی پەروەردە دەکرد. لەناو فەرماندەیی و پلانی شەڕدا بەشداربوو، شایەتی شەهیدبوونی سەدان هاوڕێی خۆی وەک شەهید گەلهات و ئارین میرکانەکان بوو. بە رۆحی بێریتان و زیلانەکان شەڕی بەڕێوەدەبرد. بەو رۆحەشەوە لە کۆبانێ داعشی تێکشکاند.

لە تێکۆشانی دژواری کۆبانێدا، بە سەختی برینداربوو و زیانێکی زۆر بەر جەستەی کەوت و چاوێکی لەدەستدا، بەڵام هەرگیز باسی لەوەنەکرد. رزگاربوون لە بریندارییەکی بەو جۆرە وەک پەرجو وابوو، بەڵام دژی مردن خۆڕاگری کرد. ژیانی خۆشدەویست. بەماوەیەکی کەم هەڵسایەوە سەرپێ و درێژەی بە تێکۆشاندا و رۆڵی فەرماندەیی خۆی گێڕا. گەلی رێکدەخست و شەڕڤانانی یەپەژەی پەروەردە دەکرد. ئەرکی قورسی جێبەجێ دەکرد. هەمووانی خۆش دەویست و وەک خۆی لەوانی دەڕوانی. بەتایبەتیش بەرامبەر بە هەڤاڵانی بریندار زۆر پەرۆش و هەستیار بوو، ئەگەر بریندارێک هەبوایە هەڤاڵ سورخوێن لەلای دەمایەوە، بۆ ئەوەی هەڤاڵانی بریندار و کەمئەندام لە دۆخێکی باشدا بژین، بەردەوام لە هەوڵدابوو.

لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشانی زۆری ئەنجامدا

هەرگیز گۆشەگیری سەر رێبەرایەتی قەبوڵ نەدەکرد. دەیزانی ئامانجی ئەو گۆشەگیرییە چییە. لەوپێناوەدا تێدەکۆشا، یەکجار هەوڵ و تێکۆشانی لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا ئەنجامدا و لەو چوارچێوەدا چەند کار و خەباتێکی رێکخست. دوایین پرسی گرنگیش لەلای ئەو ئامادەکاریبوو بۆ پێشوازیکردن لە یادی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤. بۆ ئەو مەبەستەش، لە ئامادەکاریدا بوو بۆ ئەوەی کەمئەندامان چۆن بەشداری چالاکییەکان بن، بە تایبەت بەشدارییان لە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' و ئەوەی کەمئەندامان چۆن دەتوانن شایستەی پێناسەی رێبەر ئاپۆ بۆ کەمئەندامان بن کە وەک 'شەهیدی زیندوو' ناودێری کردبوون، بەو ئاراستەیەشدا خەباتی دەکرد و بیرۆکەکانی خۆی دەخستەڕوو.

لە نزیکەوە گرنگی بە بنەماڵەی شەهیدان و کەمئەندامان دەدا

نوجان وتی، کە سورخێن رۆژهەڵات بەر لە شەهیدبوون لە دوایین گفتوگۆکانیدا وتوویەتی 'پێویستە خاوەنداری لە رێبەرایەتی، کۆمەڵگا، گەل و گەنجان بکەین و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بهێنینەدی'. نوجان بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "مامەڵەکردنی ئەو لەگەڵ دایک، هاوژین و منداڵانی شەهیدان یەکجار جیاواز بوو، زۆر تایبەت بوو. بەردەوام دەیوت کە پێویستە وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرەکی خۆمانی دابنێین. لە سەردانەکانی بۆ لای بنەماڵەی شەهیدان راستەوخۆ کێشەکانی ئەوانی چارەسەر دەکرد. بەهەمان شێوەش خاوەنداری لە برینداران و کەمئەندامان دەکرد. شەهید سورخوێن لە فکر، شێوازی ژیان، پەروەردە و رێکخستنبووندا گیانباز بوو، کاتێک مرۆڤ گوێی بۆ رادەگرت وەک ئەوە وابوو کە گوێ لە مێژوو دەگرێت. دەیگوت پێویستە ببینە ئەو هێزەی گەل دەپارێزێت. هەموو کات باسی لە بەجێگەیاندنی ئەرکی مێژوویی شۆڕشگێڕی دەکرد. دەیگوت دەبێت مێژووی نەنوسراو بە زیندوویی رابگرین و مێژوو بنوسینەوە. بەردەوام کتێب و نامەی هەڤاڵانی شەهیدی دەخوێندەوە. دەیگوت؛ 'دەمەوێت کەسایەتی خۆم لە رێگەی کەسایەتی هەڤاڵانی شەهیدەوە بونیاد بنێم'. کاتەکانی لەگەڵ هەڤاڵانی شەهیدی تێدەپەڕاند. بەردەوام پارێزنامەکانی رێبەر ئاپۆی دەخوێندەوە و ئەوەی کە دەیخوێندەوە لە ژیاندا دەیکرد بە کردەوە".

ئەزمونەکانی خۆی لە رۆژئاوا دەگواستەوە بۆ رۆژهەڵات

نوجان رۆژهەڵات وتی، سورخوێن لە چوار پارچەی کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕی خۆی ئەنجامداوە و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "سورخوێن لە رۆژهەڵات، باکور و باشووری کوردستان گەریلای یەژاستار بوو. لە رۆژئاوای کوردستانیش وەک گەریلای یەژاستار پێشەنگ بوو. لە نزیکەوە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا هەبوو. بەتایبەتیش پەیوەندی بە ژنانی فارسەوە دەگرت و بەرەو تێکۆشان هانی دەدان. پێشەنگێکی بەو جۆرەبوو، کە پڕۆژەی برایەتی گەلان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریای دەناساند، گەلی هان دەدا بۆ سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەزمونەکانی خۆی لە رۆژئاوا بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگواستەوە. شەهید سورخوێن تەنیا شۆڕشگێری پارچەیەک نەبوو، ئەو شۆڕشگێڕێکی بەو جۆرەبوو کە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بو قووڵی هەست پێکردبوو. ئەو مێژوویەک بوو، مێژووی بە پیتی زێڕین نوسیەوە".

هـ . ب