شاندی ژنانی باکوور سەردانی ژنانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد

شاندێکی ژنان لە باکووری کوردستانەوە، کە پێکدێت لە چەند ئەندام پەرلەمانێکی هەدەپ و چالاکوانانی ژنان، سەردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی کرد و باسیان لە تێکۆشانی ژن، ژیان، ئازادی کرد.

ئەمڕۆ، شاندێکی ژنانی باکووری کورستان، کە پێکدێت لە چەند ئەندام پەرلەمانێکى هەدەپ و ڕێکخراوێکی ژنان، لە درێژەی سەردانەکەیاندا، سەردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانیان لە شاری سلێمانی کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

شاندەکەى باکوورى کوردستان پێکدێت لە هەریەک (سەباحەت ئەردۆغان، ئەندام پەرلەمان لە بازنەی سێرت، عەدالەت فیدان، هاوسەرۆکی شارەوانی سلۆپی، گوڵبەهار گوزەل، بەرپرسی ڕێکخراوی ژن، نەسلیهان ئاجەر، ئەندامی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک، گوڵبەهار ئاڵپ سۆی، ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە).

لە پاش کۆبوونەوەکە، نەسلیهان ئاجەر، یەکێک لە ئەندامانی شاندی ژنانی باکووری کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا باسی لە هۆکاری سەردانەکەیان کرد و وتی: بەهۆی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و یەکبوونی ژنانی کورد، سەردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانمان کرد، تا بتوانین پێکەوە کار بکەین بۆ ئازادیی ژنان لە باکوور و باشووری کوردستان.

شاندی ژنانی باکووری کوردستان، ماوەی چەند ڕۆژێكە لە شاری سلێمانین و تائێستا سەردانی هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی، یەکێتی ژنانی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری سەرۆک کۆماری عێراقیان کردووە.

هـ . ب