شاندی ژنانی فێمینیست بانگەوازیان کرد بۆ پشتیوانی هاوبەش دژی دەستبەسەراگرتن

گرووپێک لە ژنانی فێمینیست سەردانی شارەوانی گەورەشاری وانیان کرد، دووپاتیان کردەوە دژی دەستبەسەراگرتن بەرگری لە ئیرادەی گەل دەکەن و بانگەوازیان کرد بۆ پشتیوانی هاوبەش.

گرووپێک لە ژنانی فێمینیست بۆ ئەنجامدانی چەند سەردانێک هاتنە کوردستان و بەدەوامن لە سەردان. ئەمڕۆ چوونە سەردانی شارەوانی گەورەشاری وان. هاوسەرۆکی شارەوانی نەزلیهان شەدال، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، هاوسەرۆکانی شارەوانی ژنی ناوچەکە پێشوازیان لە شاندەکە کرد. ژنان لە هۆڵی کۆبوونەوەکە گردبوونەوە و بانگەوازیان کرد بۆ پشتیوانی هاوبەش.

لەسەر ناوی تەژەئا چاگلار دەمیرەل قسەی کرد و ڕایگەیاند دژی زیهنیەتی سەردەست تێدەکۆشن.

فێمینیست ئۆزلەم شەن ڕایگەیاند لە چەند شارێک لەگەڵ هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان کۆبوونەتەوە و زانیاریان وەرگرتووە دەربارەی کار و خەباتیان.

هاوسەرۆکی شارەوانی وان نەزلیهان شەدال ڕایگەیاند بە سەردانەکە دڵخۆشبوون، دووپاتی کردەوە ژنان پێشەنگایەتی بەرخۆدانیان کردووە و بۆ مەزنکردنی تێکۆشان هەوڵ دەدەن.

پاشان لەبەردەم بینای شارەوانییەکە بە درووشمی "فێمینیستەکان دەڵێن نا بۆ دەستبەسەراگرتن"، ڕاگەیاندراوی هاوبەش خوێنرایەوە.

فێمینیست دیدار گول ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە ڕایگەیاند دژی دەستبەسەراگرتن و سیاسەتی قەیوم بێدەنگ نابن. لەکۆتاییدا بانگەوازی لە هەمووان کرد خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.