شاندی ژنانی نێونەتەوەیی سەردانی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد

شاندنی ژنانی نێونەتەوەیی سەردانی نووسینگەی یاسایی سەدەیان کرد، گۆشەگیری ئیمراڵی و مانگرتن لە خواردن تاوتوێ کرا.

شاندێکی ژنانی نێونەتەوەیی لە ٧ کەس پێکدێت، پێکهاتوون لە پارێزەر و پەرلەمانتار و ئیکۆلۆژیت و نوێنەری ڕێکخراوی مەدەنی، هاتۆتە تورکیا.

شاندەکە سەردانی نووسینگەی یاسایی سەدەیان کرد، لەلایەن پارێزەران ڕازیە ئۆزتورک و ڕێزان ساریجا و ئیبراهیم بیلمەز و عیمران ئەمەکچی پێشوازیان لێ کرا.

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، زانیاریان دایە شاندەکە دەربارەی گۆشەگیری ئیمراڵی و بڕیارەکانی ئەم دواییە بۆ قەدەغەکردنی دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان.

پارێزەر عیمران ئەمەکچی گوتی: "دەیانەوێت بە سیاسەتی گۆشەگیری ئیرادەی عەبدوڵا ئۆجالان بشکێنن و ناچاری بکەن دەستبەرداری مافە سیاسییەکانی ببێت و گرێی بدەنەوە بە مافی تاکەکەسییەوە".

پارێزەری ئیبراهیم بیلمەز، ڕایگەیاند، گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ڕێبەری خۆی دەبینێت. ئاماژەی کرد بە کەمپەینە جیاوازەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پاشان گوتی: "بەشێکی زۆری گەلی کورد باوەڕیان بە ئۆجالان هەیە. دەوڵەتیش بەمە دەزانێت، هەر بۆیە زۆر کۆبوونەوەی لەسەر فەرمی ئەنجامدا. بەڕێز ئۆجالان دەرفەتێکی مەزنە بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین. لە ساڵی ١٩٩٣ەوە بەڕێز ئۆجەلان هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی کورد دەدات و چەندین جار ئاگربەستی تاکلایەنە ڕاگەیاندراوە. لە هەمان کاتدا بەڕێز ئۆجالان کەسێکی زۆر عەقڵانییە. دەزانێت پرسی کورد ئاڵۆزە و کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات. سەرەڕای هەموو هەلومەرجەکانی گۆشەگیری، بۆ ئاشتی و چارەسەری هەوڵیدا. گەلی کورد لە پشت بەڕێز ئۆجالانە، هەڵوێست دژی بەڕێز ئۆجالان لە دژی گەلی کوردە. لە تورکیا بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و چارەسەرکردنی پرسی کورد مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کرد. ئەم ڕەوشە گومانەکانمان زیاتر دەکات. ئێمە بە هاتنی شاندەکە دڵخۆشین، دەمانەوێت ڕای گشتی لە گۆشەگیری ئاگادار بکرێتەوە".

پارێزەر ڕێزان ساریجا ڕایگەیاند، گومانەکانیان لەمەڕ گۆشەگیری مەزنە، هەروەها تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری سیاسی و ئازادی ژن، گوتی: "تێکۆشانێکی مەزنی ئەنجامدا تاوەکو ژن لەنێو هەلومەرجێکی یەکساندا بژین. هەر لە سەرەتاوە بایەخی دا بە ئازادی ژن و کردی بە ڕۆژەڤی خۆی".

پارێزەر ڕازیە ئۆزتورک تیشکی خستەسەر پارادایمی ئازادیخوازی ژن لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان هەردەم دەیویست ژن لە ئاستی پێشەنگەدا ڕۆڵ بگێڕن و لە کوردستان شۆڕشێکی زیهنی مەزنی پێکهێنا".

وا بڕیارە شاندەکە لە سەردانەکانی بەردەوام بێت.