ڕۆژنامەنووس شاتوو محەمەد، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم ژنانی کورد و جیهان کرد بە بۆنەی نزیکبوونەوەی هەشتی مارس و یادی خەبات و چالاکی ژنانەوە، هەروەها لەبارەی مێژووی توندوتیژییەکانی دژ بە ژن و مێژووی ئەم توندوتیژییانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیکرد و وتی: "مێژووی ئەم توندوتیژییانەی دژ بە ژنان هی ڕۆژ و مانگ و ساڵێک نییە، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی هزری پیاوسالاری و دەسەڵاتداری، بەردەوام لە بەرامبەر ئەم توندوتیژییانە خەباتی ژنان هەبوون، بەڵام سیستمی پیاوسالاری بەجۆرێکە کە نایەوێت گۆڕانی باش لە خۆیدا دروستبکات، بەڵکو بەردەوام شێوازی توندوتیژییەکان فراوان دەکات و شێوەیان دەگۆڕێت و بەرامبەر بە پێشکەوتنی ژنان دەوەستێتەوە، بەڵام خەباتی ژنان لە ئێستادا بە هەموو جۆرێک دژ بەو سیستمە بەردەوامە و ناوەستێت."
ئەو لەبارەی ئاستی هۆشیاری ژنانەوە پێیوابوو کە ژنان تا ڕادەیەکی باش خاوەن هۆشیارین، بەڵام بەرگری سیستمی پیاوسالاری زۆر قوڵە و پێویستی بە تێگەیشتنێکی زیاتر هەیە تا ڕووبەڕووی ببنەوە و وتیشی: "ژنان جوڵانەوەی فیمینستانیان پێکهێنا تاکو خەبات دژ بە سیستمی پیاوسالاری بکەن و ئەو بەرگرییە توندە دژ بە خەبات و یەکسانی ژنان لاواز بکەن، بەڵام ڕەنگە بەجۆرێکی تر بەهۆی چونە ژێر ئایدیای سیستمی سەرمایە و دەسەڵاتداری، لەو جوڵانەوەیەشدا جارێکی تر ژنان بووبێتنە هۆی خزمەتکردن بە سیستمی پیاوسالاریی، ڕەگ و ڕیشەی ئایدیای پیاوسالاری قوڵە و مێژوویەکی دووری هەیە، بۆیە دەبێت ژنان زۆر بنچینەییانە لە هەموو لایەنەکانی ئەم هزرە بکۆڵنەوە و ڕووبەڕووی ببنەوە."
هەروەها لەبارەی کار و خەباتی ژنانەوە بەڕای ئەو، ژنانی ڕۆژئاوا و گەریلاکانی ئازادی پێشەنگی ئەم خەباتەن و وتیشی: "لەبەرامبەر ئەو هەموو بەرگری و ڕێگرییەی هزری دەسەڵاتداری و پیاوسالاری، ژنانی گەریلا و ژنانی ڕۆژئاوا، بەباشترین شێواز توانییان ڕووبەڕووی ببنەوە و خەبات دژ بەم سیستمە بکەن و نمونەی ژنانی ئازاد پشانی گەل بدەن، ئەم ڕۆحییەتە ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەم کار و خەباتانە نەک ناوەستن، بەڵکو هەتا دێت زێدەتر بەرەوپێش دەچن و بەجیهانی دەبن."
هـ . ب