"شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە پێشەنگایەتی ژنان تاکەڕێگەیە بۆ بەگژداچوونەوەی شەڕخوازی و دەسەڵاتداری"

لە ئیرونای هەرێمی نافاروای ئیسپانیا پانێلی "بەرگریی لە خاک و ژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەڕێوەچوو، تیایدا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی بە پێشەنگایەتی ژنان وەک تاکە رێگەی بەگژدا چوونەوەی ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و پیاوساری ناودێرکرا.

پەیمانگای بەرەوپێشبردنی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان IPES لە فستیڤاڵی ساڵانەیدا چالاکی جۆراوجۆری هزری، هونەری و کولتووری ڕێک دەخات و ئەمساڵیش پانێلێکیان تایبەت کرد بە بەرگری لە خاک و ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو پانێلەش بەشێک بوو لە سووڕی پاراستنی دەنگەکان و دیدی تێکۆشەرانە کە لە نیوەی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو.

خالیدە ئەبوبەکری فەلەستینی، ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی فەلەستینی ئەلکەرامە و سامیدون، نیلوفەر سابیری چالاکوانی ئێرانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافەکانی ژنان و نەجیبە قەرەداغی لە ئاکادیمیای ژنۆلۆژی بەشداری پانێلەکە بوون.

پانێڵەکە لە ناوەندی کتێبخانەکەی ژن سەر بە پەیمانگای بەرەوپێشبردنی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان IPES بەڕێوەچوو و زیاتر لە ٦٠ کەس بەشداریان کرد.

لە پانێڵەکەدا باس لە دیدی ژنان کرا لەسەر قەیرانەکانی سەردەم و کاریگەری زهنیەتی پیاوسالاری، دەوڵەت و دەسەڵاتداری و سەرمایەداری لە ژیان و  کۆمەڵگە. ئاماژە بەوە کرا کە زهنیەت دەیەوێ بە بەرهەمهێنانی چەک و هەڵایسانی شەڕ و کۆچبەرکردن لەسەر پێ بمێنێتەوە و تاکەڕێگەش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی و بە پێشەنگی ژنان بینرا. بۆ ئەوەش باس لە گرنگی ڕۆڵی ژنان و پێشەنگیان لە رێکخستنکردن و پاراستنی کۆمەڵگەدا بینرا بۆ چارەسەرکردنی قوڵترین ناکۆکی مێژوویی کە ناکۆکی ڕەگەزییە.

لە پانێڵەکەدا خالیدە ئەبوبەکر باسی دۆخی هەنوکەیی فەلەستین و ئەو قەیرانە کرد کە لە ئەنجامی شەڕ و کۆچبەری و داگیرکاریی ڕووبەڕووی دەبنەوە و ئاماژەی بە گرنگی ڕاوەستاندنی شەڕ و گووتی ؛ " ستراتیژی هێزەکانی هەژەموونی داماڵینی کۆچبەرکردنی گەلانی خۆجێی لەسەر خاکی خۆیان و پێکهێنانی پرۆژە سیاسی و ئابورییەکانیانە. باشترین چارەسەری یەکگرتنی گەلانە".

خالیدە ئەبوبەکر ووتیشی ئەوەی ڕوودەدات کاردانەوەیە بەرامبەر داگیرکاریی ئیسرائیل ، تا ئێستا ٢٠ هەزار کوژراون و هەزاران کەس بریندار و کۆچبەرن و وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوایی بەردەوام چەک بۆ گەرمکردنی ئەو شەڕە دەدەن بە ئیسرائیل.

هەرچی نیلوفەر سابیرییە ئاماژەی بە دۆخی ژنان لە ئێران کرد و ووتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تەقینەوەیەکی گەلان بوو بە ڕووی ڕژێمی ئێراندا کە ئیسلام وەک ماسکێک بەکاردێنێ بۆ خەڵەتاندن، ئاماژەی بە مێژووی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە مێژووی کوشتن، سێدارە و چەوساندنەوەی گەلان و ژنانە.

نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژیش دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە دیدی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستانەوە ڕاڤە کرد و ووتی ئەوەی لە هەرێمەکەمان دەقەومێ شەڕی سێیەمی جیهانە و شەڕی دوو پارادایمە پارادیمی دەوڵەت، پیاوساریی و سەرمایەداری لە لایەک و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی لە لایەکی تر. لە کاتێكدا لە بەرامبەر گەلان هەموو جۆرە چەک، گوشار، ستەم بەکاردەهێنرێت بەڵام لە لایەکی تر بەرخودانێک لە ئاستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی هەیە کە ژنان پێشەنگی دەکەن و لە شۆڕشی ڕٶژئاڤادا لە جیهاندا  بەرجەستە بوو و بووە هیوا بۆ تەواوی گەلانی بندەستی جیهان. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین یەک چیرۆک نییە کە تەنیا چیرۆکی قوربانیبوون بێ، بەڵکو چیرۆکی بەرخودان و شۆڕشی ژن هەیە.

نەجیبە قەرەداغی ئاماژەی بە گرنگی خۆرێکخستن و خۆپاراستنی ژنان و گەلان کرد و ووتی؛ " بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان شۆڕشێکیان لەنێو شۆڕشدا بەرپاکردووە، ڕێبەر ئۆجالان بە فەلسەفە و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی دەرفەتێکی گەورەی بۆ ئازادی کردەوە"

لەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وتی، ئەو شەپۆلەی شۆڕش کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان و ئێرانەوە بەرەو ئاستێکی گەردوونی پەرەیسەند، نیشانەی ئەوەیە کە تەنیا وشیاری نەتەوەیی و چینایەتی بەس نیە بەڵکو وشیاری ڕەگەزی بۆ وەڵامدانەوەی قووڵترین ناکۆکی مێژوویی دەتوانێ چارەسەرئامێز بێت بۆ هەموو ناکۆکیەکانی تر و کۆکەرەوەی هەموو ڕەنگەکان بێت وەک چۆن لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا ڕوویدا.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ژنان دەتوانن بە سازکردنی هاوپەیمانیان وەڵامی هەموو جۆرە هێرش و قڕکردنێک بدەنەوە و بە هێز و ئیرادە، ڕێکخستنبوون و ڕەنج  و تێکۆشانیان دەتوانن وەڵامی هەموو جۆرە هێرش و داگیرکارییەک بدەنەوە و سیستەمێکی دیموکراتی بونیاد بنێن. ئەوەش بە تێگەیشتن، تیۆریی و خۆبونیادنانەوەی کۆمەڵگە دەبێ و نمونەی لە شۆڕشی ڕٶژئاڤا، خۆرێکخستنکردنی شەنگال هێنایەوە.

یەک لە ڕێکخەرانی فستیڤاڵەکە ووتی ؛ " ژنی کورد ئەمڕۆ وەک ڕووناکییەکە بۆ جیهان".

پەیمانگای بەرەوپێشبردنی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان IPES دامەزراوەیەکە لە قۆناغی راگوزەر دامەزراوە کە دوای دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ لە ئیسپانیا، بە ئامانجی فراوانکردنی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە. دوای وەرگرتنی بەخشینێکی ٤٠٠ کتێبی تایبەت بە توێژینەوەی ڕەگەزیی (جێندەر) و فێمینیزم لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە، دەستیان کرد بە بیرکردنەوە لە دروستکردنی کتێبخانەیەکی تایبەتمەند لەسەر ئەم بابەتە.

ناوەندی بەڵگاندن-کتێبخانەی ژنان لە دامەزراوەی IPES (CD-BM) لە ٨ی ئازاری ١٩٨٥ لە شاری ئیرونا (هەرێمی نافاروا) کرایەوە بە ئامانجی دروستکردنی جێیەک کە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە توێژینەوەکانی ژنان کۆبکاتەوە و دواتر بەرهەمەکانی ژنان بۆ بەردەستی ژنان بکاتەوە. دامەزراندنی ئەم ناوەندە بۆ دەستڕاگەیشتنی ژنان، خوێندکاران، توێژەران، گروپەکان و خەڵکی گشتی بە بەرهەمی ژنان، کارێک سیستەماتیکە و هەموو ساڵێک بە فستیڤاڵێکیش چالاکیەکانی ئەنجام دەدات. مەبەست لێی بەشداری ژنانە لە بوارەکانی هزر،هونەر و کولتوور؛ هەروەها بۆ ئەوەی دۆخی ژنان و فرەڕەنگیان بناسرێت، وەک سامانێک بخرێتە بەردەست کە تا ئێستا ئێستا نەبینراوە و بۆ ئەوەشی کە مافەکان بە ئاستی یەکسانی ڕاستەقینەی خۆی بگات لە نێو تاکەکاندا.

تەحەدای سەرەکی کتێبخانەکە نەبوونی پشتگیری سیستەماتیک و نەبوونی ئەو تێگەیشتنەیە کە ئەم دەزگایە گرنگە بۆ کۆمەڵگە و پاراستنی یادەوەرییەکەی. هەرچەندە سەر بە دامەزراوەیەکی تایبەتە، بەڵام کراوەیە بۆ گشتیی و خزمەتگوزارییەکی شارەکەیە، بەو پێیەی کاردەکات وەک هەر کتێبخانەیەکی گشتی تر.

ناوەندی بەڵگاندن-کتێبخانەی ژنان جگە لەوەی وەک کتێبخانە کاردەکات، سێ پڕۆژەی سەرەکی هەیە: فێستیڤاڵی فیلمی ژنان، فێستیڤاڵی فیلمی مافی مرۆڤ و خوێندنگەی فێمینیزم. لە فێستیڤاڵی فیلمی ژناندا ئەو فیلمانە نمایش دەکرێن کە پێشتر لە ئیرونا بڵاونەکراونەتەوە و دەرهێنەرەکانیان ژنن.

هـ .ب