سەمەژێ: دژی توندوتیژی سەر ژنان ببنە دەنگی خۆپاراستن

سەمەژێ بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە کەمپەینەکەی تاژێ لە ١٠ هەمین ساڵیادی قڕکردنی شەنگال بە درووشمی "دژی توندوتیژی سەر ژن، ببنە دەنگی خۆپاراستن".

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی شەنگال (تاژێ) بەبۆنەی ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکارەوە کەمپەینێکی نێونەتەوەیی دەست پێ کرد. کەمپەینەکە لە ١٠ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال و قڕکردنی ژنان ڕاگەیاندرا. کەمپەینەکە بە درووشمی "دژی توندوتیژی سەر ژن، ببنە دەنگی خۆپاراستن" تا ٣ ی ئابی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت. ڕێکخستنی چەتری مەجلیسی ژنانی ئێزدی ئەڵمانیا (سەمەژێ) بە ڕاگەیاندراوێک داوای کرد لەڕێگەی وێنە و دیمەن و نوسین و گۆرانی و هەڵبەست و گردبوونەوە و ڕێگەی ترەوە بەشداری کەمپەینەکە بکرێت.

سەمەژێ لە ڕاگەیاندراوەکەیدا تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵ و گرنگی تاژێ لە ڕێکخستنی ژنان دژی توندوتیژی، دووپاتی دەکاتەوە تاژێ بووەتە دەنگی خۆپاراستنی ژنان، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات پێ دەنێنە ١٠ هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ کە بەهۆی هێرشی داعشەوە جینۆساید و کوشتنی ژنان لە شەنگال پێکهات، دەیان هەزار کەس کە ملکەچی ئایدۆلۆژیای دڕندانەی داعش نەبوون، کوژران یان ڕفێنران و بەکۆیلە کران.

سەمەژێ تیشک دەخاتە سەر بەرخۆدانی ژنان و پیاوانی شەنگال و دامەزراندنی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و یەکێتی ژنانی شەنگال (یەژەشە)، بەرگریان کرد و زێدی خۆیان جێنەهێشت، ئەمەش بووە هاندەری گەڕانەوەی زۆر کەس بۆ ماڵی خۆیان.

لە ڕاگەیاندراوەکەی سەمەژێ هاتووە: "ئامانجی هەڵمەتەکەی تاژێ، کۆکردنەوەی دەنگ و واژۆ و پشتگیری ژنان و ڕێکخستنی ژنانی جیهانە. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە یەکگرتن و تێکۆشانی نێونەتەوەیی ژنان ببینرێت و بەهێزتر بکرێت".

سەمەژێ پشتگیری و هاوکاری خۆی بۆ کەمپەینەکەی تاژێ دووپات دەکاتەوە و بانگەواز لە هەمووان دەکات: "بە شێوەی داهێنەرانە، بە وێنە و ڤیدیۆ و نوسین و گۆرانی و هەڵبەست و گردبوونەوە و شتی تر، بەشداری کەمپەینەکە بکەن".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بۆ پشتگیری و بەشداربوون لە کەمپەینەکە؛ تکایە لەسەر بناغەی "دژی توندوتیژی سەر ژنان، ببنە دەنگی خۆپاراستن" کارەکانتان بەردەوام بکەن و بینرێت بۆ ناونیشانی [email protected] ".