بە دیمەن

سوزان ئیشبیلەن: تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین چیتر شوێنێکی پارێزراو نین بۆ ژنان

سوزان ئیشبیلەن، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا ڕایگەیاند؛ سیاسەتی سزانەدانی بکوژان بووەتە هۆی پەرەسەندنی کوشتنی ژنان و وتی: "تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین چیتر شوێنێکی ئەمن نین بۆ ژنان."

ژنان لە کوردستان و تورکیا لە ماڵ و شەقامەکان لە کوشتن دەترسن. بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامە و کوشتنی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.

سوزان ئیشبیلەن سەرۆکی کۆمەڵەی ژنان سەبارەت بە کوشتنی ژنان بە ئاژانسی فوراتی ڕاگەیاند: "لەسەر بنەمای پەرەسەندنی کوشتنی ژنان، هێشتا کێشەی ژنان چارەسەر نەکراوە. بەداخەوە کێشەی ژنان کێشەیەکی جیهانییە. لەم دواییانەدا، کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژی ژنان لە شەقامەکان ئەنجام دەدرێت. کێشەی ژنان سەرچاوەی لە ڕابردوودایە و بە هۆی چارەسەر نەکراوی هەتا ئەمڕۆ بەردەوام بووە. ژنان چیتر عەقڵییەتی پیاوان قبوڵ ناکەن و لەو پێناوەدا تێدەکۆشن."

'دەبێت ژنان خۆیان بپارێزن'

لە درێژەی قسەکانیدا سوزان تیشکی خستە سەر کێشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەین و گوتی: "ئەمڕۆ پرۆسەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەڕێوە دەچێت. تاڵیبان هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بە گشتی لەسەر نکۆڵی کردنی ژنان بنیات بنێت. هەروەها لە ئێران، تا ساڵی ١٩٧٩ ژنان ژیانێکی ئاساییان هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی ڕژێم گۆڕا و عەقڵییەتی دەسەڵاتی توندوتیژی هاتە سەر دەسەڵات، لەساڵانی دوواییدا ژنان و کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژینا ئەمینی دژی دەسەڵات بەرخۆدانیان کرد. بۆ ئەوەی خۆیان لە توندوتیژی پیاوان بپارێزن، ژنان ئێستا خۆیان دەپارێزن. بەڕاستی، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر شوێنێکی پارێزراو نین بۆ ژنان.

 توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو لایەکەوە ڕوو دەدات. کاتێک تیشک دەخەینە سەر کوشتنی ژنان لەم دواییانەدا دەبینین زۆربەی ئەو ژنانەی کوژراون لەسەروبەری جیابوونەوەدا بوون. گەورەترین ناوەندی پاراستنی ژنان لەدژی توندوتیژی بەڕێکخستن بوونی ژنانە مشێوەیە باشتر دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن."

سوزان ئیشبیلەن لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سیاسەتی سزانەدانی بکوژانەوە، ڕۆژانە کوشتنی ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە و ڕایگەیاند، "سیاسەتی سزانەدان یەکێکە لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی تاوانی توندوتیژی دژی ژنانە. بەپێی ئامارەکان لانیکەم دوو ژن لە ڕۆژێکدا دەکوژرێن. دەبێت حکومەت لەبواری چاکسازی یاساییەوە کاری ڕاستەقینە بکات و بەو شێوەیە ڕێگری لە توندوتێژییەکان دژی ژنان بکرێت."