سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا

زانراوە، سزای لەسێدارەدانی زیندانیکراوی سیاسیی کورد، پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکراوە.

پارێزەر ئەمیر ڕەئیسیان لەم بارەیەوە ڕایگەیاند هیچکام لەو تانانەی دەربارەی دۆسیەکەی پەخشان عەزیزی خراونەتەڕوو، لەلایەن دادگای باڵای دەوڵەتەوە وەڵام نەدراونەتەوە و پشتگوێ خراون.

پارێزەرەکەی پەخشان عەزیزی  گوتی: "زانیاری و بەڵگەکان دەریدەخەن دۆسیەی پەخشان عەزیزی شایستەی سزای لەسێدارەدان نییە، چالاکییەکانی ئەو لە باکووری سوریا لە کەمپی ئاوارەکانی شەنگال و تەواوی کەمپەکانی تر کە بەرئەنجامی شەڕی داعش بوون، هەر هەموویان چالاکی ئاشتیخوازانە و بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری بوون، وە هیچ ڕەهەندێکی سیاسییان نەبووە".

پارێزەرەکە پێی وایە ئەم بڕیارە ناکۆکە لەگەڵ ڕێوشوێنە یاساییەکان و دەڵێت: "ئەو بڕیارانەی لەم لقەی دادگای باڵای دەوڵەتەوە دەرچوون، ناکۆکن لەگەڵ سیاسەتی دادوەریی دەوڵەت سەبارەت بە سزای بێبەشکردن لە ژیان".

پارێزەری زیندانیکراوی سیاسیی کورد پەخشان عەزیزی، ئەمیر ڕەئیسیان لەبارەی پەسەندکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە لەلایەن دادگای باڵاوە، گوتی: "لەسەر بناغەی پێوەرەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە، لانی کەم چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد، لێکۆڵینەوەی ئەم دۆسیەیە لە فەرمانگەی ئیتیڵاعاتی شاری مەهاباد یان فەرمانگەی ئیتیڵاعاتی شارە سنوورییەکان بەڕێوەبچێت، چونکە ئاگادارن ئەم کەسە دەستی لە هیچ چالاکییەکی تاوانکارانەی سیستەماتیکدا نەبووە. تۆمەتبارکردنی پەخشان عەزیزی بە تاوانێکی وەک ئەندامبوون لە گرووپێکی (باغی)، هیچ بەهایەکی یاسایی و دادوەریی لە دۆسیەکەدا نەبووە. تەنانەت ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکرێت لە گرووپێکی وەهادا بووە، بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنی چەکی هەڵنەگرتووە، پێش دەستگیرکردنیشی چەکی بەکارنەهێناوە، تەنانەت ئەوکاتانەی لە ناوچە کوردییەکانی سوریادا بووە، لەژێر هەڕەشەی هێرشی چەکدارانی داعشدا بووە، بەڵام نە لە عێراق و نە لە سوریا و نە لە ئێران، هیچ کاردانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەگەڵ هێزەکانی ئێراندا نەبووە، هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە بڕیارەکە ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتی دادوەریی دەوڵەت".

پارێزەرەکە نیگەرانی خۆی بەرامبەر پەسەندکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی موەکیلەکەی دەربڕی و گوتی: "دەستبەجێ داواکارییەک پێشکەش بە دادگای باڵای دەوڵەت دەکەین و داوای پیاچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەین، ئومێدەوارین ئەو لقەی کە دۆسیەکەی ئاڕاستە دەکرێت، سەرنج و تانەکانمان دەربارەی دۆسیەکە ڕەچاو بکات، ڕێگری بکات لە پەسەندکردنی ئەو بڕیارەی دەربارەی دۆسیەکە دراوە و پرۆسەکە بخاتەوە سەر ڕێچکەی ڕاست و درووست".