تاژێ نامەیەکی بۆ ژنانی ئەفغانستان نارد: رێگەی ئازادی تێکۆشان و بەرخودانە

تاژێ بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە نامەیەکی بۆ ژنانی ئەفغانستان نارد و پەیامی "بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تێکۆشان و بەرخودان رێگەی چارەسەری و ئازادین".

بە بۆنەی ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەر بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) نامەیەکی ئاراستە ئەو ژنانەی ئەفغانستان کرد کە لە دژی توندوتیژیەکانی تالیبان خۆڕاگری دەکەن و تێکدەکۆشن.

نامەی تاژێ بۆ ژنانی ئەفغانستان بەم جۆرەیە:

"لە سەرەتادا ئێمە وەک بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنان لە سەرجەم ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین. بە تایبەتی پیرۆزبایی لە ژنانی تێکۆشەر، خۆڕاگر و ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان دەکەین، کە تا ئەمڕۆ لە بەرامبەر ستەمەکانی تالیبان تێدەکۆشن و رووبەڕووی دەبنەوە. لە دژی ئەقڵیەتی باوکسالاری بە رۆحی کلارا زێتکین هێمای ٨ی ئادار، رۆسا لوگزەمبورگ هێمای یەکێتی گەلان. خوشکانی میرابێل هێمای تێکۆشان لە دژی توندوتیژی، بێریڤان جزیرە هێمای سەرهەڵدانی ژنانی ئێزدی، سەکینە جانسز هێمای تێکۆشان و بەرخودان، ژینا ئەمینی هێمای ئازادی و هەروەها ژنی پێشەنگی مافی ژنان مینا کیشوەر کەمال، فەلسەفەی ژن-ژیان-ئازادی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت.

مێژووی ئازادی ژنان چاوەڕێی نوسینەوەیە

راستی ئەوەیە کە ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگەیە. لەبەر ئەو هۆکارە سەرمایەداری بە رێبازی جیاجیا هەوڵ دەدات ئیرادە و هێزی ژنان لەناوببات. بێگومان لە بەرامبەر ستەم، کۆیلەداری، توندوتیژی سەر ژنان، کە لە کەسایەتی ژناندا لە سەر کۆمەڵگا جێبەجێ دەکرێت، تاکە یەک رێگەی چارەسەری و ئازادی هەیە ئەوەش تێکۆشان و بەرخودانە. ئەوەی لەمڕۆدا لە ئەفغانستان و تەواوی جیهان روودەدات ئەو راستیەیە. بەردەوام سەرچاوەی هێزی تێکۆشانی ئێمەی ژنان، یەکگرتووییمانە. مێژووی بە کۆیلەکردنی ژنان نەنوسراوەتەوە، مێژووی ئازادی ژنانیس چاوەڕێی نوسینەوەیە. لە سەدەی ٢١دا ئەمرۆ لە شەنگالەوە تا رۆژئاوای ژنان، لە ئەفغانستانەوە تا رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، لە جیهان ئاگری ئازادی تادێت بە گوڕوتینتر دەبێت. ئەوەی بە قوربانیدانی زۆر دەستەبەر دەبێت و ئازادی بە بێ تێچوو و قوربانیدان نابێت. هەموو کات لەناو تاریکیدا، راستی وەک خۆر وایە، سیستم هەرچییەکیش بکات ناتوانێت بەر بە روناکی و گەرمای ئەوە بگرێت.

یا ئازادی یا ئازادی

ئێمە وەک بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) نادادی و ستەمی تالیبان لەسەر کۆمەڵگای ئەفغانستانی بە تایبەت لە سەر ژنان هەرگیز قەبوڵ ناکەین. جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە تێکۆشانی ئێوەی ژنانی ئەفغانستانی لە دژی تالیبان، ئێمە زۆر بە گرنگ دەبینین و پشتیوانی لێدەکەین. ئێمە هەمووکات پشتیوانی لە ئێوە دەکەین. ئێمە لە تێکۆشانی ئێوە بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و دیموکراتیک، سەرکەوتنی بێ کۆتاییتان بۆ دەخوازین. جارێکی دیکە ٨ی ئادار لە ئێوە پیرۆز بێت و دەڵێین یان ئازادی یا ئازادی".

هـ . ب