'تێکۆشان لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامە'

ژیان حسێن باسی لە خەباتی کۆنگرە ستار کرد و وتی: "لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوادا تێکۆشان لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامە."

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شۆڕشی ٢٠١٢ ژنان دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێنا، بەڵام وێڕای ئەو دەستکەوتانەش هێشتا توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمەکەدا بەردەوامی هەیە. لە بارەی هۆکاری بنەڕەتی ئەو توندوتیژیانەوە ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار، ژیان حسێن بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و باسی لە نەخشەڕێگەی کۆنگرە ستار لە دژی توندی تیژی دژ بە ژنان و گرنگی خۆپاراستنی ژن کرد.

لە دەستپێکی قسەکانیدا ژیان حسێن ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان لە پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد و وتی: "بناغەی ئەم شۆڕشە لە لایەن ژنەوە داڕێژرایەوە. لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا چەندین خەبات بۆ مافەکانی ژنان بەڕێوەدەبردرێت، خەباتەکان درێژەی دەبێت ئاسان نیە توندوتیژی دژ بە ژنان بە یەکجاری بنەبڕبکرێت. چونکە ئەم توندوتیژییانە دەرنجامی عەقڵێتی پیاسالارییە. ئێمە باسی شۆڕشێک دەکەین کە لە هەموو لایەکی جیهاندا دەنگی داوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ژن دەکوژرێت و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، پێویستە سەرلەنوێ ئەم دۆخە هەڵسەنگێنیەوە و ژن و پیاو هۆشیاربکەینەوە."

'ئامانجمان گەیشتنە بە هەموو ژنێک'

لە بەردەوامی قسەکانیدا ژیان حسێن باسی لە نەخشەڕێگەی کۆنگرە ستار لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان کرد و وتی: "ئامانجی سەرەکیمان گەیشتنە بە هەموو ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. کاری سەرەکیمان هۆشیارکردنەوەی ژنانە لە مافەکانیان. لەو پێناوەشدا پێویستمان بە هۆشیارکردنەوەی پیاوانیشە. بۆ ئەم کارەشمان خەباتی سەردانیکردنی ماڵان و سیمینار ئەنجام دەدەین. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بە ڕێکخستنی ژنان کە بنەمای خۆپارستنە، گەر ژنان خۆپاراستنی جەوهەرییان بەهێزبکەن ئەوا هیچ کەسێک ناتوانێت توندوتیژییان بەرامبەر بکات. ژنان کاتێک خۆپاراستنی لەخۆدا بونیاتنا ئەو کاتە لەڕووی جەستەی و فکریشەوە دەتوانێت خۆی بپارێزێت."

ڕۆڵی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی لەبەرامبەر توندوتیژی      

هەر لە درێژەی قسەکانیدا ژیان حسێن ئاماژەی بەوەدا بنەبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان تەنها ئەرکی بزوتنەوەکانی ژنان نیە، هاوکات پێویستی بە پێشخستنی هۆشیاری کۆمەڵگەش هەیە. پێویستە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سنوری مافەکانی خۆیان بزانن. بەم شێوەیە پێویستە یەکسانی جێندەری بێتە ئاراوە.

ستراتیژی پەروەردەیی

لە کۆتایی قسەکانیدا ژیان حسێن باسی لەوەکرد بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژ بە ژنان بەدڵنیاییەوە پێویستە کۆمەڵگە هۆشیاربکرێتەوە و وتی: "لە سەرەتای شۆڕشەوە ئامانجی سەرەکیمان ئەوە بووە یەکسانی جێندەری بێنینە ئاراوە. چونکە یەکسانی جێندەری بنەمایە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاشتییانە و دیموکراتیکی. پێویستە هەموو کەسێک بەشێوەیەکی یەکسان خاوەنداری لە مافەکانی خۆی بکات. لەسەرەتادا خەباتەکانمان لە چوارچێوەی پەرەوەردەکردنی ژناندا دەسوڕایەوە، بەڵام تێگەشتین لەوەی بۆ بە دیهێنانی ئامانجەکانمان بە تەنها ئەمە بەس نیە. بۆیە پێویستە لەم چوارچێوەیەدا خەباتی پەرەوەردەیی، هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنگەری لە کۆمەڵگە بەرێوەببەین. هەرەوەها خەباتی هۆشیارکردنەوەی منداڵان زیاتر بکەین."