تۆڕەکانی هاوپشتی ژنان لە رۆئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا لەپێناو پەخشان عەزیزی رۆژنامەوان و بەرگریکاری مافەکانی ژنان کە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کراوە، بانگەوازێکی بەپەلەیان بۆ ئەنجامدانی چالاکی راگەیاند.
راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە: "ئێمە وەک ئەندامانی تۆڕی هاوپشتی ژنان، داوای چالاکی و هەنگاوی بەپەلە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، حکومەتەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەرگریکارانی مافەکان مرۆڤ دەکەین بۆ ئەوەی سزای لەشێدارەدانی پەخشان عەزیزی کە چالاکوانێکی بوێری هاریکاری مرۆیی و هەڵسوڕاوێکی مافەکانی مرۆڤە، هەڵبوەشێننەوە. دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کردووە و دوور نییە کە کتوپڕ سزاکە جێبەجێ بکات.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پەخشان عەزیزی لە هەمان کاتدا بە درێژایی ژیانی بەرگریکاری مافەکانی ژنان بوو، لە دژی نایەکسانی تێکۆشاوە و لە پێناو دادپەروەریدا جەنگاوە. دڵسۆزی و پابەندی بەهێزی بە مافەکانی مرۆڤ بۆ زۆر کەس بووەتە سەرچاوەی هیوا. لەسێدارەدانی ئەو نەک هەر دەبێتە نادادییەکی زەق، لە هەمان کاتدا دەنگی پێشکەوتن و یەکسانیش لە ئێران کپ دەکات".
تۆڕی هاوپشی ژنان ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانانی وەک پەخشان عەزیزی سزای سێدارەدان دەسەپێندرێت، ئەمەش پێشێلکاریی روونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و پەڵەیەکی شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی" و بەم جۆرە کۆتایی بە راگەیەندراوەکە هێنراوە: "بۆ رێگری لەو نادادیە دەبێت ئێمە دەستبەجێ بکەوینەخۆ. داوا لە هەموو داکۆکیکارانی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ، هەموو رێکخراو و دامەزراوەکان دەکەین لە پێناو شەرمەزارکردنی ئەو نادادیەدا شان بە شانی ئێمە تێبکۆشن. هاوپشتی خۆمان بۆ پەخشان عەزیزی، بنەماڵە و کۆمەڵگاکەی دەردەبڕین و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی دەکەین. کات زۆر گرنگە. دەبێت ئێمە جارێکی دیکە پێکەوە بەهای ژیان نیشان بدەینەوە و بە ئاشکرا ئەوە بخەینەڕوو کە جیهان بەرامبەر بە کردنەئامانجی چالاکوانانی ژن بێدەنگ نابێت. بۆ رێگری لەو تراژیدیایە و بۆ ئەوەی دەنگی ژیانی پەخشان عەزیزی بۆ نەوەی تازە ببێتە سەرچاوەی هیوا، وەرن یەکبگرین".