تەژەکە: با لە هەموو شوێنێک ببینە دەنگی گەلی ڕۆژئاوا

تەژەکە، لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک داوای چالاکیی لە هەموو ژنان کرد و پەیامی"با لە هەموو شوێنێک دەنگی گەلی ڕۆژئاوا بین" بڵاوکردەوە.

بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی ژێرخانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا راگەیەندراوەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە:"ئەردۆغانی فاشیست پاش هەر شکستێکی بەرامبەر گەل و گەریلا، هەوڵدەدات بەهێرشەکانی وێنەی لاوازی خۆی لە بیروڕای گشتیدا پێچەوانە بکاتەوە، بە داپۆشینی شکستەکانی و بەکارهێنانی قەڵغانی نەتەوەپەرەستی، بەردەوام سیاسەتی وێرانکاری-نکۆڵیکردن لە دژی کوردان جێبەجێی دەکات و هێرشی ناوچە مەدەنییەکانی ڕۆژئاوا دەکات.

سیاسەتی دووڕوویی ئەردۆغانی فاشیست کە دەڵێت پشتیوانی گەلی فەلەستینە و لە هەموو شوێنێک بە وتنی ئەوەی، خەڵکی مەدەنی و منداڵان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە زیانیان پێدەگات، جارێکی دیکە لەبەردەم گەلی کورد و جیهاندا ئەم دووڕوویەتییەی ئاشکرا بوو.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەستکەوتەکانی تێکۆشانی دیموکراسی گەلی کورد و دۆستەکانیان، کە لە ڕۆژئاوا بە ڕێوەبەری دیموکراتیکدا بنیات نراوە، هەموو هێزە ئیمپریالیستەکان لێ دەترسن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، کە بە تێکشکاندنی هێرشی چەتەکانی داعش بەهاریان بۆ مرۆڤایەتی هێنا، هەروەک دوێنێ ئەمڕۆش دژی ئەو هێزەی دەیەوێت داعش زیندوو و بەهێزی بکاتەوە، گوڕ بە تێکۆشان دەدەن و هەنگاوێک بۆ دواوە نانێن."

"پێویستە ژنان لە هەموو شوێنێک چالاکیی شەرمەزار کردن ئەنجام بدەن"

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛

"وەک چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژنان سەیر دەکرا و بە مانایەکی گەورە بە فەلسەفەی ڕێبەرایەتیمان 'ژن، ژیان، ئازادی'، گەشەی کرد و گەردوونی بووەوە، پێویستە هەموو ژنێک ئەم هێرشانە وەک هێرشێک بۆ سەر خۆی ببینێت. بۆ ئەمەش پێویستە هەموو ژنان لە هەر شوێنێک بن، بە ئەنجامدانی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکان، مافی دیموکراتیکیان بەکاربهێنن.

شەرمەزارییەکی مێژووییە کە دەوڵەتی تورک هێزی خۆی لە بێدەنگی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان وەردەگرێت و لە دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات. پێویستە هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا هەڵوێستێکی ڕوون نیشان بدەن و ڕێگا بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغانی فاشیست و هاوبەشەکانی کە تاوانی شەڕ ئەنجامدەدن، دەستەبەر بکەن.

ئێمە وەک ژن ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەمان لەسەر شانە؛ بە ئاشکرا کردنی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک کە لە دژی ئایین، زمان و ژیانی هاوبەش و داهاتوودا شەڕ دەکات، ببینە دەنگی گەلی ڕۆژئاوا لە هەموو شوێنێک."