تەژەکە-ئە: بەڵێنمان بۆ شەهیدانی پاریس، فراوانترکردنی شۆڕشی ژنانە

تەژەکە-ئە یادی سەکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز، ئەمینە کارا، میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزلی بەرزڕاگرت و بەرنامەی چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکانی پاریسیشی راگەیاند.

بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە) سەبارەت بە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کە تیایدا یەک لە کادرە پێشەنگەکانی پەکەکە سەکینە جانسز (سارا)، نوێنەری کەنەکە لە پاریس فیدان دۆغان (رۆژبین)، ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) شەهید کران و کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ لە پاریس ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی)، هونەرمەند میر پەروەر و وڵاتپارێز عەبدولرەحمان کزل شەهیدبوون، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە کاتی چالاکییەکان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژیانە پاریس زانیاری خراوەتەڕوو، ئەوەش هاتووە، "بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی هاوڕێیانمان دەکەینەوە کە لە هەردوو کۆمەڵکوژییەکاندا شەهیدبوون. بەڵێنمان بۆ لێپێچینەوە دووبارە دەکەینەوە. لە کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٣ی پاریسەوە کۆنسێپتی هێرش لە دژی ژنان بەردەوامە. هەروەها لە باکوری کوردستان سێ ژنی کوردی پێشەنگ سێڤێ دەمیر، پاکیزە نایر و فاتمە ئویار، لە رۆژئاوا هەڤرین خەڵەف، ژیان تۆڵهەڵدان، دایە ئاقیدە، لە باشوری کوردستانیش ناگیهان ئاکارسەل، فەریاڵ سولێمان خالید، گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین و چەندین هەڤاڵمان تیرۆرکران".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەک بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئێمە بەردەوامین لە تێکۆشانی دادپەروەری و لێپێچینەوە. سەرباری ئەوەی سەلمێندرا کە کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس لەلایەن میتەوە پلانی بۆ دانرابوو، دۆسیەی کۆمەڵکوژیەکە نەگەیشتە دادگایی کردن. لە کۆمەڵکوژی دووەمی پاریسیشدا بکوژ دەستگیرکرا، بەڵام سەرباری تێپەڕبوونی ٢ ساڵ، راگەیەندراوێک بۆ رای گشتیی نەدرا. بڕیاری بە نهێنی هێشتنەوەی هەر دوو دۆسیەکە لەلایەن دەوڵەتی فەرەنساوە، بە واتای پاراستنی بکەرانە. لە هەمان کاتدا ئەمە دەبێتە مایەی هێرش و تاوانکاری سیاسی نوێ. وەک ژنانی کورد لە ئەوروپا، وەک هەموو ساڵەکانی پێشوو، ئەمساڵیش بۆ لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس لە گۆڕەپانەکان دەبین.

بکوژەکە دیارە، بۆچی فەرەنسا بێدەنگە

بە تایبەتی لە فەرەنسا ئێمە لەسەرتاسەری ئەوروپا بۆ یادکردنەوی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس چالاکی دەکەین و بە دروشمی 'بکوژ دیارە! فەرەنسا بۆجی بێدەنگە! جارێکی دیکە لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژییەکان دەکەین. لە دژی ئەو هێزانەی بوونە هاوکاری قڕکردنەکان، هەڵوێست دەگرینەبەر".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەم بانگەوازە کراوە: "لە ٢٣ی کانونی یەکەم بەدواوە بە تایبەتی لە پاریس، لەسەرجەم وڵاتانی ئەوروپا لە ٩ی کانونی دووەمدا چالاکی شەرمەزارکردن، رێپێوان و خۆپیشاندان سازدەکرێن. چالاکییەکان بە گردبوونەوە و رێپێوانی گەورە لە ١١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ لە پارێز کۆتاییان دێت.

ئێمە رێگە نادەین کە ژنان لەناو تاریکیدا ون بکرێن. شۆڕشی ژنان گەورەتر دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایە داوا دەکەین لە هەموو پێکهاتەکانمان، گەلەکەمان، ژنانی کورد لە ئەوروپا، هەموو رێکخراوەکانی شۆڕشی ژنان و باوەڕمەندان بە بەهاکانی دیموکراسی، هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان، هەموو دۆستمان کە لایەنگری شۆڕشی گەردوونین، رۆژی ٢٣ی کانونی یەکەم، ٩ی کانونی دووەم و ١١ی کانونی دووەم بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن.

کاتی چالاکی و خۆپیشاندانەکان بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکان:

٢٣ی کانونی یەکەم: لەبەردەم ناوەندی کولتوری کوردی ئەحمەد کایا کە کۆمەڵکوژی دووەمی تێدا روودا، لە کاتژمێر ١١:٣٧ کە کۆمەڵکوژیەکە لەو کاتەدا ئەنجامدرا، رێزلێنان ئەنجامدەدرێت دواتر دەنگبێژان گۆرانی پێشکەش دەکەن. بەرنامەی سەرەکی یادەکە کاتژمێر ١٨:٠٠ دەستپێدەکات. بنەماڵەی شەهیدانی پاریس، پێکهاتە و نوێنەرانی تەژەکە-ئە، سیاسەتمەداران، ئەندامانی رێکخراوەکانی ژنان و رۆشنبیرانی فەرەنسا بەشداری لە یادەکەدا دەکەن. جگە لە وتارەکان، هۆنراوە و موزیک لەبارەی شەهیدانی پاریس پێشکەش دەکرێت.

٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥؛ لەسەرتاسەری ئەوروپا لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا چالاکی شەرمەزارکردن بە شێوەی جەماوەری سازدەکرێت. کاتژمێر ١١:٠٠ لە پاریس لەبەردەم ناوەندی کولتوری کوردی ئەحمەد کایا تا نوسینگەی زانیاری کورد کە کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس لەوێ ئەنجامدرا، رێپێوان ساز دەکرێت. دوای رێپێوانەکە لە بەردەم نوسینگەکەدا وەک هەموو ساڵانی پێشوو لێدوانی چاپەمەنی دەدرێت. کاتژمێر ١٨:٠٠ لە شارەوانی ناوچەی ١٠ی پاریس بە بەشداربوونی پارێزەرانی دۆسیەی کۆمەڵکوژی یەکەم و دووەمی پاریس پانێلێک سازدەکرێت.

١١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥: رۆژی شەممە گردبوونەوە و رێپێوانی ناوەندی سازدەکرێت. رێپێوانەکە کاتژمێر ١٠:٠٠ لە بەردەم گارێ دو نۆرد دەستپێدەکات.