تەژەئا داوای لە سەرۆککۆماری عێراق کرد قڕکردنی ئێزدییەکان بناسێنێت
تەژەئا نامەیەکی بۆ سەرۆککۆماری عێراق نارد و بانگەوازی کرد بۆ ناساندنی قڕکردن و پاراستنی مافی گەلی ئێزدی.
تەژەئا نامەیەکی بۆ سەرۆککۆماری عێراق نارد و بانگەوازی کرد بۆ ناساندنی قڕکردن و پاراستنی مافی گەلی ئێزدی.
تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال نامەیەکی بۆ سەرۆککۆماری عێراق عەبدولەتیف ڕەشید نارد.
نامەکە بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی و کورمانجی) و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی نووسراوە. لە نامەکەدا یاسای ڕزگاربووانی ژمارە ٨ (یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی) کە ساڵی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا، تاوانەکانی داعش دژی جڤاکی ئێزدی و بەتایبەت دژی ژنان، بیرخراوەتەوە.
تەژەئا ڕایگەیاند بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق تاوانەکانی داعش دژی جڤاکی ئێزدی و بەتایبەت دژی ژنان، وەک "تاوانی دژی مرۆڤایەتی و قڕکردن" پەسەند دەکات، دەڵێت: "بەڵام هەڵنەگرتنی هەنگاوی ڕوون لە بوارەکانی وەک دۆزینەوە و دادگاییکردنی تاوانباران، دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئێزیدییە ڕفێندراوەکان، لێکۆڵینەوە و ناسینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ بنەماڵەکانیان، بەهای ئەم هەنگاوە سەرەتاییە بۆ دادپەروەری کەمدەکاتەوە".
تەژەئا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات مافی جڤاکی-چاندی و ئەتنیکی-ئایینی گەلی ئێزدی بەشێوەیەکی دەستووری مسۆگەر بکات.
تەژەئا ڕایدەگەیەنێت حکومەتی عێراق تاوانەکانی داعشی دژی ئێزدییەکان وەک جینۆساید پەسەندکردووە و بەفەرمی ئەم دڕندایەتییەی ناساندووە، دەڵێت: " بەڵام سەرەڕای ئەم ناساندنە، دەبینین کە هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی و مافەکانی جڤاکی ئێزدی و ڕێگریکردن لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بەرخۆدانی ژیانی و میکانیزمەکانی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخستنی ناوخۆیی گەلی شنگال نەنراوە. تا ئێستاش زیاتر لە چوار هەزار ژنی ئێزیدی دیلی دەستی داعشن، لەسەر پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێتی قووڵ دەفرۆشرێن و سەدان منداڵی ئێزیدی لە ناسنامەیان بێبەش دەکرێن و هێشتاش لەژێر دەستی چەکدارانی داعش و بنەماڵەکانیاندان، وە بەردەوام گۆڕی بەکۆمەڵی نوێ دەدۆزرێتەوە. پێویستە جڤاکی ئێزدی بە گەرەنتی دەستووری بپارێزرێت. نەبوونی ستاتۆی فەرمی هەرێمی شەنگال، ناهێڵێت ئەم جڤاکە پشتگیری و پاراستنی پێویست بەدەست بهێنێت".
لەکۆتایدا دەڵێت: "جەنابی سەرۆک، لە دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی، هیوای ئەوە دەخوازین بۆ کۆتاییهێنان بەم کارەساتە مرۆییە و دابینکردنی ژیانێکی سەلامەت و شکۆمەند بۆ جڤاکی ئێزدی، هەنگاوی پێویست بنێن. سوپاستان دەکەین بۆ هەستیاری و هەوڵەکانتان پەیوەست بەم پرسە گرنگە".