تەژەئا دژی ئازادکردنی سەربازێکی دەستدرێژیکار ناڕەزایەتی دەربڕی

بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) ئازادکردنی پلەدارێک بە ناوی (ئەیوب. ک)ی شەرمەزارکرد، کە لە نسێبین دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەر چوار منداڵ.

 

بزوتنەوەی ژنان ئازاد (تەژەئا) لە دژی ئازادکردنی پلەدارێک بە ناوی ئەیوب. ک کە لە نسێبین دەستدرێژی کردبووە سەر ٤ منداڵ، لە ستیلیەی نسێبین کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و رێپێوانی ئەنجامدا.

 دایکانی شەممە، چالاکوانانی تەژەئا، رکخستنەکانی هەدەپە لە مێردین، پەرلەمانتاری هەدەپ بێریتان گونەش و چەندین ژنی شارەکە بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا کرد.

هاوسەرۆکی هەدەپەی نسێبین شیندار ئاکنجی لە چالاکیەکەدا کە پلاکاری "چەتە دەستدرێژیکارەکان باجی تاوانەکەیان دەدەن"ی بەرزکرابووەوە، قسەی کرد و رایگەیاند، ژنانی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک رووبەڕووی شەڕی تایبەت کراونەتەوە.

 شیندار ئەوەشی خستەڕوو، "سەرباری ئەوەی سیاسەتەکانی ئەشکەنجە، توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی کورد پەرەی سەندووە، بەرخودانی ئێمەی ژنانیش پەرەی سەندووە و هەڵکشاوە. ئێمە بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبر رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڵێنی گوڕدان بە بەرخودان رادەگەیەنین".

بێریتان گونەش پەرلەمانتاری هەدەپیش ئەوەی خستەڕوو کە سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەوڵەت ریسوا و شەرمەزار دەکەن و لە دژی هەموو چەشنە سیاسەتیکی چەپەڵ تێدەکۆشن.

هـ . ب