تەژەئا لە ئێلح و ئەزمیر ٨ ی ئاداری دەست پێ کرد: ژنان ئایندە دیاری دەکەن

تەژەئا لە ئەزمیر و ئێلح دەستی بە چالاکییەکانی ٨ ی ئادار کرد، لە چالاکییەکاندا دووپاتکرایەوە، بەرخۆدانی ژن قۆناغەکەی دیاری دەکات و بانگەوازکرا بۆ بەرخۆدان دژی فاشیزم و پیاوسالاری.

تەڤگەری ژنانی ئازادی (تەژەئا) بە ڕاگەیاندراوێک لە ئێلح و ئەزمیر چالاکییەکانی ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکاری دەست پێ کرد.

ژنان لە ئێلح بە چەپڵە و هەلهەلە و بەرزکردنەوەی درووشمەکان ڕێپێوانیان کرد .

پەرلەمانتاری مێردین بێریتان گونەش گوتی: "ژنانی کورد سەدەیەکە سەریان بۆ سیستەمی پیاوسالاری نەوی نەکردووە، لە لەیلا قاسمەوە تا ڤیانەکان، ژنانی کورد هەمیشە بەرخۆدان دەکەن. دایکان لە ئێشکگری دادپەروەرین، گەنجان و گەلەکەمان لە کۆڵانەکان درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز دەکەنەوە".

لەو دەقە هاوبەشەی تەژەئا کە لە ئێلح و ئەزمیر خوێنرایەوە، سڵاو لە تێکۆشانی ئازادی ژنانی جیهان کرا، شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی ژنان یادکرانەوە.

دووپاتکراوەتەوە، لەکاتێکدا یادی ٨ ی ئادار دەکەنەوە، لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان شەڕ و قەیرانی ئابووری و قڕکردنی ژنان و قڕکردنی سرووشت و نایەکسانی هەیە، هاوکات تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان بەرامبەر سیاسەتی پیاوسالاری هەیە. لە سەدەی ٢١ دا تێکۆشانی ڕەگەزی بۆتە گۆڕەپانی سەرەکی تێکۆشان و ژن لە ماڵ و کوچە و کارگەکان و گۆڕەپانەکەدا خاوەنداری لە ئازادی و ماف و بەها و ڕەنجی خۆی دەکات. ئاماژە بەوە کراوە، لە شەڕی دژی ژناندا، پێش هەمووان ژنانی پێشەنگی کورد کراونەتە ئامانج، ئەوانەی ناگیهان ئاکارسەل و ئەڤین گۆیی و فریال سلێمانیان تیرۆرکرد دەبێت بزانن تێکۆشانی ئازادی ژنان بێگومان سەردەکەوێت.

ئاماژە بەوە کراوە، لەڕێگەی "سیاسەتی شەڕی تایبەت"ـەوە کە لە کوردستان وەک سیاسەتی دەوڵەت بەڕێوەدەبرێت، توندوتیژی و قڕکردن گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز، لەڕێگەی دامەزراوە ئایینپەرستەکان و قەیومەکانەوە، لە هەموو جێگەیەک زیهنیەتی پیاو و کۆیلایەتی ژن دەسەپێنرێت.  سیخوڕی و مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی وەک ئامرازی شەڕی ئایدۆلۆژی بەکاردێت، هەروەها دەستدرێژی و بەکارهێنانی مناڵانیش بەدی دەکرێت. دووپاتی دەکەنەوە، لەدژی ئەم سیاسەتانەی دوژمنایەتی ژنان و گەل دەکات، جڤاک دەپارێزین و بەرخۆدان گەش دەکەین.

تەژەئا ڕایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی خۆجێی ئامادەن، لەپێناو بنیاتنانی شاری ئازادیپارێزی ژن، ئێمە ئەو زیهنیەتە دەگۆڕین کە ئیدارەی خۆجێی وەک گۆڕەپانی سرووشتی زیهنیەتی پیاوسالار دەبینێت، لەڕێگەی هێزی گۆڕانکاری ژنەوە سیاسەتی دیموکراتیک و ژیانی یەکسانیپارێز دادەمەزرێنین. باوەڕمان وایە بە هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان ئیرادەی ژن جێگیرتر دەکەین و زیهنیەتی ئیدارەی خۆجێی دیموکراتیک لە جڤاکدا بڵاودەکەینەوە. سەرکەوتین و دەسکەوتمان هەبوو، ئێستە کاتی بەهێزترکردنی سەرکەوتن و دەسکەوتەکانمانە.

"ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان بەدی دەهێنین"

تەژەئا ڕایدەگەیەنێت تا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قووڵتر دەبێت، تەواوی جڤاک و بەتایبەت ژنان زیاتر سەرکوت دەکرێن، دەڵێن: "لە ٨ ی ئاداری ئەم ساڵ جارێکی تر دەڵێین، چارەسەرێکی دیموکراتیک و ئاشتیانە بۆ پرسی کورد، موخاتەبی سەرەکی چارەسەری هەموو کێشەکان، بەڕێز ئۆجالانە و دووبارە دەڵێین، پێویستە دەمودەست کۆبوونەوەی لەگەڵ بکرێت. بەرامبەر سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە، پارادایمی جڤاکی "دیموکراتیک و ژینگەپارێز و ئازادی ژن" کە بەڕێز ئۆجالان پێشی خستووە، هەنگاوی هەرە گرنگە بەرەو ژیانێکی ئاشتیانە و جڤاکێکی دیموکراتیک. تاکە ڕێگەی شوێنکەوتنی پارادایمەکەی، ڕەخساندنی هەلومەرجی ئازادی جەستەیی ئەوە".

لەم چوارچێوەیەدا سڵاو لە ئێشکگری دادپەروەری و مانگرتن لە خواردنەکان دەکات و بانگەواز لە ڕێكخراو و دەزگا نێونەتەوەییەکان دەکەن داخوازییەکانیان جێبەجێ بکەن.

تەژەئا بانگەواز لە ژنانی کورد و تەواوی ژنان دەکات بەرامبەر فاشیزم و پیاوسالاری پشتگیری لە بەرخۆدان بکەن.