وریشە مورادی ١٨ ڕۆژە مانگی لە خواردن گرتووە
١٨ ڕۆژە ژنە چالاکوانی کورد وریشە مورادی لە زیندانی ئەوینی تاران مانی لە خواردن گرتووە، پزیشکان هۆشدارییان دا، ڕەوشی تەندرووستی تا دێت خراپتر دەبێت.
١٨ ڕۆژە ژنە چالاکوانی کورد وریشە مورادی لە زیندانی ئەوینی تاران مانی لە خواردن گرتووە، پزیشکان هۆشدارییان دا، ڕەوشی تەندرووستی تا دێت خراپتر دەبێت.
١٨ ڕۆژە ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) وریشە مورادی لە زیندانی ئەوین دژی ڕەفتار و فشارەکانی ڕژێمی ئێران مانی لە خواردن گرتووە.
میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، تیمی پزیشکی زیندانی ئەوین ڕۆژانە چاودێری ڕەوشی وریشە مورادی دەکەن، جەخت دەکەنەوە لەماوەی ١٨ ڕۆژدا وریشە مورادی ٧ کیلۆ کێشی کەمی کردووە، بەهۆی دابەزینی پەستانی خوێن و شەقیقە و جومگەکان و پشتەوە باری تەندرووستی لە دۆخێکی ناجێگیردایە.
تیمی پزیشکی زیندانی ئەوین بەردەوامی مانگرتنەکەی بە مەترسیدار پێناسە دەکەن و داوایان لێکردووە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت، بەڵام تا ئێستا داواکەی ڕەتکردووەتەوە و تەنانەت نایەوێت سیرۆم وەربگرێت.
وریشە مورادی لە ١ـی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیرکرا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئیتلاعات گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەوینی تاران، هەروەها بە تۆمەتی یاخیبوون سزا دراوە. لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە وریشە مورادی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر جێبرەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن ئێرانەوە دەستی بە مانگرتن کردووە و تا ئێستا بەردەوامە.
جێگەی باسە، کژار لە ٢٦ ی ئەیلولی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە ڕۆژی ١ ی ئابی ٢٠٢٣، ئەندامی کۆمەڵەکەیان وریشە مورادی بە ناسناوی جوانە سنە لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕفێنراوە. وریشە مورادی پاش دەستبەسەرکردنی ٢ هەفتە خرایە زیندانەوە و ئێستە لە زیندانی ئەوین ڕاگیراوە، بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" دادگایی دەکرێت.