وریشە مورادی ئەندامی کەژار لە زیندانی ئێڤینە

راگەیەندرا، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) وریشە مورادی کە نزیکەی ٥ مانگ بوو بێسەروشێونکرابوو، لە زیندانی ئێڤینی تاران زیندانی کراوە.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا رایگەیاندبوو، کە رۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٣ ئەندامی ئەوان وەریشە مورادی بە ناسناوی جوانا سنە لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە رفێندراوە و چارەنووسی نادیارە. کەژار داوای لە چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و دەزگا و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کردبوو کە رێکاری پێویست بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی جوانا سنە بگرنەبەر.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وریشە مورادی لەئێستادا لە زیندانی ئێڤینی تارانە و لە دوای گرتنیشیەوە تەنیا یەک جار توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت، بەڵام تائێستا رێگەی پێنەدراوە پارێزەرەکەی ببینێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەندامی کەژار وریشە مورادی دوای ئەوەی دەستبەسەرکراوە گواستراوەتەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە و نزیکەی دوو هەفتە ئەشکەنجە درابوو. لە کۆتایی مانگی ئابدا وریشە مورادی لە سنەوە گواسترابووەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران".

هـ . ب