ئابووری هەرەوەزی و کۆمیناڵ خۆپارێزی بەهێزتر دەکات

گوڵستان موراد وتەبێژی کۆمیتەی ئابوری کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، ئەوان لە ڕێگەی ئابوری کۆمیناڵ و هەرەوەزیەوە خۆپارێزی ژنان بەرەوپێش دەبەن.

گوڵستان موراد، وتەبێژی کۆمیتەی ئابووری کۆنگرەی ستار، ڕایگەیاند، ئەو بەرنامانەی کە پاڵپشتی سەربەخۆیی ئابووریی ژنان دەکەن ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە بنیاتنانی ژیانێکی یەکسان و بەردەوامدا، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمە بۆ ژنان هەروەها لەبواری سەربەخۆیی ئابوورییەوە گرنگە.

گوڵستان موراد وتەبێژی کۆمیتەی ئابووری کۆنگرەی ستار سەبارەت بە گرنگی ئابووری لە خۆپارێزی ژنان و تێکۆشانیان لەڕووی بەدەستهێنانی ئابووریی خۆیانەوە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا، گوڵستان موراد، جەختی لە گرنگی خۆپارێزی ژنان کردەوە و وتی: "ئەگەر بڵێین شەڕی جیهانی سێیەم سەرەتا شەڕێکی ئابوورییە هەڵە نییە. ئەم شەڕە ئابوورییە ڕاستەوخۆ ئابووریی پێکهاتەکان دەکاتە ئامانج. لەم شەڕەدا زۆرترین شت کە بە ئامانج دەگیردرێت، ئابوری ژنانە. بۆیە پێویستە ئابووری هەموو ژنان بەهێز بێت. هەر بۆیە ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بن. بە جێبەجێکردنی پاراستنی ئابووری، ژنان دەبنە خاوەن هێزی خۆیان. بە بە ئامانجگرتنی ئابووری، قەیران و کێشە کۆمەڵایەتییەکان پەرە دەستێنن. زۆربەی ئەو ژنانەی سەردانمان دەکەن، ئەو ژنانەن کە سەربەخۆیی ئابوورییان بەدەست نەهێناوە. ئەو ژنانەی ناتوانن پاراستنی خۆیان بکەن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە. ئازادی ژن پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەدەست هێنانی سەربەخۆیی ئابوورییەوە هەیە. هەروەها ڕاست نییە ئەگەر بڵێین ئەو ژنانەی سەربەخۆیی ئابوورییان بە دەست هێناوە، ئیتر بە تەواوەتی ئازادیی خۆیانیش بە دەست هێناوە. سەربەخۆیی ئابووری خاڵێکی زۆر گرنگە لە گەیشتن بە ئازادی. ئەو ژنانەی لە ئابورییەوە توانیویانە بژێوی ژیانی خۆیان بەدەست بهێنن دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و بە ئاسانی بڕیار لەسەر خۆیان بدەن ئەڵبەت بۆ بەدیهێنانی خۆپارێزی، پێویستە پێش هەموو شتێ متمانە بەخۆبوون و ئیرادە بەهێز بێت."

گوڵستان موراد لە درێژەی قسەکانی دا وتی: "ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت بەهێزترین ئابووری ئەو ئابووریەیە کە بەدەستی ژنان بنیات دەنرێت و ژنانیش دەستیان لەم ئابوورییە بەرداوە و بێگانە بوونەتەوە". هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا، تێکۆشانێکی بێوێنە هەم لە بنیاتنانی ئابووری وڵات بە دەستی ژنان و هەم ئەرکی خۆپارێزی بەڕێوە دەچێت. بە خۆپارێزییەوە دەتوانرێت ئابوورییەکی کۆمەڵایەتی بنیات بنرێت. هەروەها تێکۆشانی خۆپارێزیی، تێکۆشانی بنیاتنانی وڵاتێکی نوێیە. ئابووری کۆمەڵایەتی ڕێگا بۆ بەهێزبوونی خۆپارێزی دەکاتەوە.

گوڵستان موراد سەرنجی خستە سەر مۆدێلی ئابووریی ڕۆژئاوا و وتی: "ئەو مۆدێلە ئابوورییەی کە ویستمان بە شۆڕشی ڕۆژئاوا پەرەی پێبدەین، مۆدێلێکە لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان و خزمەت بە کۆمەڵگا دامەزراوە. ئێمە هەوڵی دروستکردنی مۆدێلێک دەدەین کە بە ڕۆحێکی کۆمەڵایەتییەوە بەرهەم بهێنێت. بنەمای ئابووری کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی کاری هاوبەشەوە دامەزراوە. ئەم سیستەمە هەنگاوی یەکەم بوون. پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا سیستەمێکی وەها ئابووری کە ژنان تێدا بەشدار بن و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ژنان بکات نەبوو. سیستەمی ئابووری لە دەستی دەوڵەتدا بوو و کۆمەڵگا وەک خزمەتکاری دەوڵەت وەها بوو. ئێستا بە ڕێگەی کاری هاوبەشەوە هەلی کار بۆ ژنان ڕەخسێندراوە و دەرفەتی گەشەپێدانی ئابووری و بۆ ژنان هاتووتە پێشەوە. بەمەش دادپەروەری کۆمەڵایەتی مسۆگەر کراوە. پێشتر زۆربەی ژنان نەیانتوانی کارێکی بدۆزنەوە. لە سایەی سیستەمی کاری هاوبەشەوە ئێستا لە هەموو بوارەکاندا دەرفەت بۆ ژنان دروست بووە و دەتوانن تواناییەکانیان دەرببڕن. لەسەدا ٨٠ی کارە هاوبەشەکان لە بواری کشتوکاڵەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەپێدانی ئابووری وڵاتدا.

لە درێژەی قسەکانیدا گوڵستان موراد ئاماژەی بەوەدا کە گەیشتن بە ئابووری سەربەخۆ بۆ ژنان زۆر گرنگە و وتی: "بەهێزکردنی ژنان لە بواری ئابووریدا پاڵپشتیان دەکات کە ژن و پیاو وەکوو یەک ماف و دەرفەتیان هەبێت. کاتێک ژنان سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بهێنن، متمانەیان بە خۆیان زیاتر دەبێت و دەتوانن لە هەموو بوارێکدا بڕیاری خۆیان بدەن و بەهێزتر دەبن. هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کاریگەرییەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا زیاتر بێت. بەم بۆنەشەوە ئاستی هەژاری لە کۆمەڵگا کەم دەبێتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵستان موراد باسی لە پڕۆژەکانی داهاتوو کرد و وتی: "پێش هەموو شتێک لە کۆمەڵگادا ئامانجی سەرەکیمان بڵاوکردنەوەی عەقڵیەتی ئابووری کۆمەڵایەتییە. بڕیارمان داوە کە لە داهاتوودا زیاتر گرنگی بە پەروەردە بدەین. بۆیە لەداهاتودا ناوەندێکی ڕاهێنانی ئابووری دەکرێتەوە. پڕۆژەی هاوکاری و خزمەتگوزاری کۆمەڵگا و ژنان پێشکەش دەکرێت. ئامانجی سەرەکیمان پەرەپێدان بە سیستەمێکی ئابووریی سەربەخۆیە بەبێ گرێدارو بوونی دەرەوە بە جۆرێک هەموو پێویستیەکانمان بۆخۆمان دابین بکەین."