ئاهەنگەکانی ٨ ی ئادار لە دێرسیم: لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشان مەزن دەکەن

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئایتن کۆردو لە گردبوونەوەی ٨ ی ئاداری دێرسیم قسەی کرد و ڕایگەیاند، ژن لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشان مەزن دەکەن.

٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم بە گردبوونەوەیەک پیرۆزکرا. پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایتن کۆردو، پەرلەمانتاری پارتی ڕەنجی دیلۆک سەڤدا کاراجا و کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی شارەکە ئامادەبوون.

لەسەر ناوی پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم، سەراب قارەمان قسەی کرد، ٨ ی ئاداری بە ڕۆژێکی گرنگ و سیمبولی بەرخۆدان لەقەڵەمدا بۆ تێکۆشان دژی ڕەنجخۆری و جیاکاری و هەموو جۆرە فشار و توندوتیژییەک. هەروەها جەختیکردەوە، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بەردەوامە لە سیاسەتی جیاکاری و دەستبەسەراگرتنی مافەکانی ژنان. بۆ خـزمەتی سیستەمی سەرمایەداری باوکسالار بەردەوامە لە تاوانەکان بەرامبەر ژنان.

پەرلەمانتاری پارتی ڕەنجی دیلۆک سەڤدا کاراجا تیشکی خستەسەر دەستدرێژی و هەراسانکردنی ژنان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەت و ژنان بێسەروشوێن دەکرێن، بەم دواییانە کچێکی خوێندکاری زانکۆ بێسەروشوێن کراوە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئایتن کۆردو سڵاوی لە زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن کرد  و گوتی : "تاوەکو پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت، ڕەفتارە نادیموکراتیکەکان بەردەوام دەبن. بەناوی "هەرێمی ئاسایشی تایبەت"ـەوە لە هەموو جێگەیەکی شارەکە بنکە دادەنێن و هەوڵ دەدەن شارەکە لە مرۆڤ خاڵی بکەنەوە".

پاشان گوتی: "وەک ژنانی دێرسیم هەموومان پێکەوەین، ڕێکخستن و تێکۆشانی خۆمان مەزن دەکەین، وەک گەلی کورد و گەلی عەلەوی دژی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی سرووشت و هەموو کۆمەڵکوژیەک پێکەوە تێدەکۆشین".

هەروەها ڕایگەیاند دژی تەڤگەری ژنانی کورد ئۆپەراسیۆن پێش دەخەن بەڵام ناتوانن بمانترسێنن، حکومەتی ئاکەپە هەوڵدەدات ژنان بنێرێتە ماڵەوە، بەڵام هەموو ڕۆژێک لە هەموو جێگەیەکی کوردستان و تورکیا تێکۆشان مەزنتر دەکەین.

گردبوونەوەکە بە چالاکی هونەری و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.