دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت ڕوخانی ڕژێمی سووریا وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا هێرشەکانی لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر کردووە. لەو بارەیەوە ڕیحان لۆقۆ وتەبێژی کۆنگرە ستار بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و دەسنیشانیکرد لەم قۆناغە نوێیەدا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەوڵدەدەن خوشک-برایەتی گەلان و ئیرادەی ژنان لاواز بکەن.
ڕیحان لۆقۆ باسی لە لە مێژووی هاتنەئارایی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرد و جەختیکردوە لەوەی ژنان لەو قۆناغەدا پێشەنگایەتییان کردووە و چەندین دەستکەوتییان هێنا ئاراوە چ لە دامەزراندنی گرووپ، ئەنجوومەنی ژنان، پاراستن و تا بگات بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی.
ڕیحان ئاماژەی بەوەدا هەموو دەستکەوتەکانی ژنان لەسەربنەمای شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'یە، لەسەر بنەمای زانستی ژنۆلۆژی گەشەی کردووە و ڕۆچووەتە نێو هەموو بەشەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە و ئەمەیشی وت: "لەمڕۆدا بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد کۆردیناسیۆنی ژنان کە هەموو پێکهاتەکانی تێدایە لە دژی نەتەوەپەرستی، ڕەگەزپەرستی و ئاینگەرایی لە تیکۆشاندایە. ڕێکخستنکاری ژنانی ڕۆژئاوای بەهێزتر کردووە. بەم شێوەیە شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژنان دەربازی مێژوو بووە. دامەزراندنی یەپەژە و هێزەکانی پاراستنی ناوخۆ دەرخەری جیاوازی تێکۆشانی ئێمەیە و بۆ هەموو جیهان دەرکەوت کە چ تێکۆشانێک لە دژی چەتەکانی داعش بەڕێوەبردراوە."
لە درێژەی قسەکانیدا ڕیحان باسی لە مێژووی تێکۆشانی ژنان کرد لە سەدەی ٢١دا و ئاماژەی بەوەدا عەقڵێتی پیاوسالاری دەوڵەتخواز بە هەموو شێوەیەک لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی بێ ئیرادەکردنی ژنانە و هەوڵی دوورخستنەوەیان دەدات لە ژیان، ڕوونیکردەوە وەک ژنانی ڕۆژئاوا بە هەموو شێوەیەک لە دژی ئەم عەقڵیتە لە تێکۆشاندان.
'خواستی ژنان سووریایەکی دیموکراتیکە'
هەر لە قسەکانیدا ڕیحان لۆقۆ تیشکی خستەسەر قۆناغی بونیادنانەوەی سووریایی نوێ و ئاماژەی بەوەدا ژنان ماوەی چەندین ساڵە بۆ هێنانەئارایی سووریایەکی دیموکراتیک و ژیانێکی یەکسان لە تیکۆشاندان و خواستی ژنانە و وتی: "دەبێت دەستووری نوێی سووریا لە لایەن ژنانەوە بنوسرێتەوە و مافەکانی ژنانی تێدا مسۆگەر بکرێت. دەبێت پەیمانی کۆمەڵاتی کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا چەسپێندراوە، بۆ دەستووری نوێ ببێتە نمونەیەک. هەموو ئەمانە زامنی سووریایەکی دیموکراتیکە."
'تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت'
لە درێژەدا ڕیحان لۆقۆ باسی لەم قۆناغە نوێیە کرد کە لە سووریادا هاتووەتە ئاراوە و جەختی لەوەکردەوە دەوڵەتی تورک بە سەفەربەرکردنی چەتەی توندڕەوی ئاینی هەموو هەوڵێکی بۆ لە ناوبردنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکە و ئەمەی وت: "تا ئێستا هەتەشە نزیکایەتی ئازدیخوازی ژنانی نیشان نەداوە. هەر لە سەرەتاوە ژنیان کرد بە ئامانج. دیارە لە هەوڵی بونیادنانی سووریایەکن کە خۆی دەسپێرێت بە ئاینگەرایی توندڕەو. بۆیە تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لە دژی ئەم عەقڵێتە بەردەوام دەبێت."
'پارادایمەکانی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەرییە'
ڕیحان لۆقۆ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا ئاماژەی بە پارادیمەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرد و جەختی لەوەکردەوە چارەسەری قەیرانەکان خودی ئەو پارادایمانەیە و وتی: "گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باوەڕی تەواوییان بە پارادیمەکانی ڕێبەرئاپۆ هەیە و پێویستە دەستبەجێ چاوپێکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدرێت."
'شەڕی ئێستا شەڕی ئازادییە'
لە کۆتایی قسەکانییدا ڕیحان لۆقۆ بانگەوازی لە هەمووانکرد خاوەنداری لە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' بکەن و ئاماژەی بەوەدا لە سایەی یەپەگە-یەپەژەوە گەلان لە ژێر چنگی چەتەکانی داعش ڕزگار کران و ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت شەڕی ئازادییە.