"ئێمە بە فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ژیانێکی نوێمان بونیادنا"

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکییەکانی ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار بەردەوامە، لە چالاکییەکاندا سڵاو لە شۆڕشی ژن و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

لە ناوچەی ئەحداسی شەهبا ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار بە درووشمی "بە ئیرادەی ژنی ئازاد، سیاسەتی قڕکردن و داگیرکاری و گۆشەگیری دەشکێنین" پیرۆزکرا. هەزاران ژنی عەفرین و شەهبا بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە بەشداربوون.

چالاکییەکە بە ڕێپێوانێک دەستی پێ کرد و لە گۆڕەپانی ناوچەکە بەرنامەی ئاهەنگەکە بەردەوام بوو.

لەوێ ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، شازیە ئیبراهیم تیشکی خستەسەر مێژووی تێکۆشانی ژنان و گوتی: "لە مێژووی کوردستاندا ژنان هەمیشە بەرامبەر ستەم سەرهەڵدانیان کردووە".

ئەندامی کۆنگرەی ستار ڕەیحان عەلۆ گوتی: "ئێمە ئەو ژنانەین کە ڕێبەرێتی دەربارەیان گوتی، شۆڕشی ژنان شۆڕشی هەزاران کەسە، شۆڕشی ژنان بە هێز و سەرهەڵدان و ئیرادەی ژنان دەگاتە ئامانج".

هەروەها پەیامی هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) خوێنرایەوە، تێیدا یادەکە لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تەواوی ژنان پیرۆزکرا و شەهیدان یادکرانەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زنجیری کۆیلایەتی پچڕاوە و هیوای ئازادی لە جیهان بڵاوبۆتەوە. هەروەها جەختکراوەتەوە لە ٨ ی ئادار تا نەورۆز و ٤ ی نیسان، بە ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی گۆشەگیری دەشکێنن و سەرکەوتن تاجدار دەکەن.

چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.

حەسەکە

هەزاران ژن لە حەسەکە و دەوروبەر بە جلوبەرگی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشداری چالاکییەکانی ٨ ی ئادار بوون.

هاوسەرۆکی پەیەدە، ئاسیا عەبدوڵا لە چالاکییەکەدا ڕایەگیاند لەسایەی بەرخۆدانی ژنان و لەسایەی شەهیدانی پێشەنگی وەک ساکینە جانسز و شیلان و ئاران گەیشتوون بەم ڕۆژە.

ئاسیا داوای لە ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و تەواوی ژنان کرد بەو ڕۆحەی داعشیان تێکشکاند، پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی شۆڕش بکەن و شۆڕشی ژنان بپارێزن.

هەروەها وتەبێژی مەجلیسی ژنانی پارتی سوریای ئایندە خالیدە کەجوان ڕایگەیاند "شۆڕشی ژنان بە یەکگرتنی تەواوی پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سریان و پێکهاتەکانی تر سەردەکەوێت".

قامیشلۆ

لە چالاکییەکەی ناوچەی تربەسپی قامیشلۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند "دەوڵەتی تورک ڕۆژانە تاوان بەرامبەر ژنان دەکات و ئەمەش درێژەی شەڕی قڕکردنە بەرامبەر گەلی هەرێمەکە".

ڕیحان بانگەوازی کرد بۆ پتەوکردنی تێکۆشان لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ئێمە بە فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ژیانێکی ئازادمان بونیادنا، جێگەی خۆمان لە ناوەندی بڕیاردا گرت، ئەرکمانە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی، تێکۆشان مەزنتر بکەین".

هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی جەزیرە ڤیڤیان عوسۆ تیشکی خستەسەر یەکێتی ژنانی پێکهاتەکان و گوتی: "کۆبوونەوەی ژنان لە گۆڕەپانی چالاکی ٨ ی ئادار سەلـمێنەری ئەوەیە، دژی هەموو جۆرەکانی گۆشەگیری و قڕکردن و داگیرکاری یەکگرتووین".