یەپەژە: پێویستە بەرخۆدانمان تا ئاستی جیهانی مەزن بکەین

فەرماندەیی گشتی یەپەژە ڕایگەیاند ئامانجی چەتەکانی سوپایی نەتەوەیی سوریای سەر دەوڵەتی تورک کە پاشماوەی داعشن، داگیرکردن و لکاندنی تەواوی ڕۆژئاوایە، بانگەوازی لە گەل و ژنان کرد دەنگ هەڵبڕن و بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆ بگرن.

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند داعش پرۆژەی دەوڵەتی تورک و بە ناوی جیاواز دەیەوێت ڕەوایەتی پێ بدات، گوتی: "هەموو هێزە جیهانییەکان سڵاو لە بەرخۆدانی یەپەژە دەکەن. ئەمڕۆ نەوەک تەنها ئەم پەسنکردنانە، پێویستە لە ئاستی جیهانیدا بەرخۆدان مەزن بکرێت".

ڕاگەیاندراوەکەی یەپەژە وەهایە: " گروپە جیهادیەکان و هێزێکی وەک هەیئەی تەحریر ئەل شام (هەتەشە) کە لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکان لەسەر بنەمای کۆنسێپتێک ئامادەکرابوون و لەلایەن کۆماری تورکەوە بەڕێوەدەبرێن، بەبێ ئەوەی تووشی هیچ ئاستەنگ و بەرگرییەک ببن، گەیشتنە دیمەشق. ڕژێمی بەعسی ٦١ ساڵە، لە ماوەی کورتی ١٢ ڕۆژیدا ڕووخا. هۆکاری شکستی ڕژێم بەبێ بەرگری لە ماوەیەکی وا کورتدا ئەوە بوو کە پێداگری لەسەر پاراستنی ڕەوشی باڵادەست دەکرد و کۆنەپەرستانە مامەڵەی کرد لە چارەسەرکردنی سەرەتاییترین کێشەکان بەتایبەت کێشەی کورد. ئەگەر ئیدارەی ئەسەد هەنگاوی بۆ دیموکراتیککردنی سوریا بهاویشتایە، ئەمڕۆ ئەم دۆخە ڕووی نەدەدا.

ئەم کەشوهەوای سەرکەوتنە کە جیهادیەکان ئافراندوویانە کاریگەری کاتی خۆی دەبێت. سوریای نوێ کە بەم زیهنیەتە پێکدێت لە ئافراندنی ئەفغانستانی دووەم زیاتر نابێت. بەڵام سوریا لە سەرەتای مێژووەوە شوێنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان بووە. ئێمە سەرمان سوڕدەمێنێت کە دەبینین هەندێک کەس بەبێ تێگەیشتن لە پێکهاتەی سۆسیۆلۆژی سوریا و نائاگاداربوون لە ئەگەری ئەو کۆمەڵکوژییانەی ڕەنگە ئەم سیستەمە لەگەڵ خۆیدا بیهێنێت، دڵخۆشن بەم ڕەوشە.

بێگومان دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە لەو شەڕەی کە گەلی سوریا ١٣ ساڵە تێیدایە. لەم ١٣ ساڵەدا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئێستا لە ڕێگەی چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریاوە کە خودی داعشە، هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەسەر بنەمای ئازادی ژنان بنیات نراوە. هێزەکانمان بە پێشەنگایەتی یەپەژە هەرێمەکەیان لە بەڵایەکی گەورەی وەک داعش ڕزگار کرد و هەرێمەکەیان کردە دورگەیەکی ئاشتی کە هەموو گروپە ئایینی و نەتەوە جیاوازەکان بە ئارامی و بەختەوەری دەژین. بەڵام ئەم هەرێمە ئارامە ئێستا بووەتە ئامانجی داگیرکاری تورک. ئەم خاکانە کە بە پێشەنگایەتی یەپەژە و سوپای ژن و قەسەدەوە دەپارێزرێت، دیسانەوە لەبەردەم هەڕەشەی داعش و کۆماری تورکە.

لەم پڕۆسەیەدا مەترسی گەورە لەسەر گەلانی کورد، عەرەب، دورزی، ئەرمەنی، ئاشووری و سریانی هەیە کە پێکەوە دژی داعش و کۆماری تورک شەڕ دەکەن و دەستکەوتەکانیان دەپارێزن. لەلایەک لەبەرئەوەی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەری ڕاستوخۆ دەکرێنە ئامانج و لەلایەکی دیکەشەوە میت دەیەوێت بگاتە هەندێک عەشیرەت و گەلان بدات بەگژی یەکدا. لەسەر ئەم بنەمایە دەیانەوێت هێرش یان ئاژاوەگێڕی دژی هێزەکانمان ڕێکبخەن، تاوەکو کۆمەڵگە و هەندێک گروپ و عەشیرەتی عەرەبی لە هەرێمەکانی ڕەقە و تەبقە و دێرەزۆر هان بدەن. وەک یەپەژە، بانگەواز لە ژنان و تەواوی کۆمەڵگەکەمان دەکەین نەکەونە ناو ئەم گەمە و فیتنانەوە.

میت لە چوارچێوەی ئەم کۆنسێپتی هێرشەدا، پلانی هێرشکردنە سەر کەمپی هۆل و ئەو زیندانانەی داعشەکانی تێدان، دادەنێت.

لەو زیندانانەشی کە هەتەشە چۆڵی کردن، چەتەی داعشی تێدایە. بۆیە هەرێمەکەمان لەبەردەم هەڕەشەیەکی نوێی داعشدایە. مەترسی کۆنتڕۆڵکردنی سوریا لەلایەن داعش و چەتەکانی هاوبیری داعشەوە، تا دێت زیاتر دەبێت. لەمڕۆدا دەخوازرێت دیسانەوە دەخوازرێت بە ناوێکی جیاواز ڕەوایەتی بدرێتە داعش کە پرۆژەی کۆماری تورکیایە و هەبوونی داعش بە جیهان و هەرێمەکە قبووڵ بکەن.

لەم ڕووەوە دەخوازرێت چارەنووسی هەرێمەکە ڕادەستی هێزە پاشڤەڕۆکانی جیهان بکرێت. بەڵام ڕۆژئاوا بۆ گەلانی هەرێمەکە و مرۆڤایەتی زێدی هیوایە، بە پێشەنگایەتی یەپەژە و گەلەکەمان و ژنان تێکۆشانی هاوبەش مەزنتر دەکرێت.

لەم ڕووەوە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییداین.

لە تەل ڕەفعەت و مەنبەج و ئێستاش کۆبانێ، دوا ئامانجی هێرشەکانی کۆماری تورک و چەتەکانی، واتە چەتەکانی داعش، داگیرکردن و لکاندنی تەواوی ڕۆژئاوایە. داوا لە گەل و ژنانی جیهان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە دەنگیان بەرز بکەنەوە و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن.

یەپەژە ئەمڕۆ لە هەموو گۆڕەپانێک بەرخۆدان دەکات دژی هێرشی چەتەکانی داعش کە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوەدەبرێن. ئەم بەرخۆدانە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

لە جیهان هەموو هێزەکان پەسنی بەرخۆدانی یەپەژە دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ لە پەسن و وەسفکردن زیاتر، پێویستمان بە فراوانکردنی ڕیزەکانی بەرخۆدان هەیە. پێویستە تێکۆشان مەزن بکەین و لە هەموو جێیەک بڵاوی بکەینەوە. ئیدی کاتی ئەوەیە، ئەم هێرشانەی کۆماری فاشیستی تورک بوەستێنین و لێپرسینەوەی لێ بکەین".