ئێران هەوڵدەدات ڕەوایەتی بە سزای لەسێدارەدان بدات
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر هەوڵەکان بۆ ڕەوایەتیدان بە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر هەوڵەکان بۆ ڕەوایەتیدان بە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی.
ڕێکخراوەکە نامەیەکی دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تاوەکو بیخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئیتڵاعاتی ئێران دەربارەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی فیلمێکی بڵاوکردووەتەوە و هەوڵدەدات ڕەوایەتی بە سزای لەسێدارەدانیان بدات. ڕێکخراوەکە ئەم هەوڵە بە توندی ڕەخنە کرد و ڕایگەیاند مەبەست لەم کارە ڕەوایەتیدانە بە سزای لەسێدارەدان.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت لە سنە و مەهاباد و کرماشان لانی کەم ١٢ چالاکوان بە پاساوی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری مانگرتنی گشتییان کردووە، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.
هەروەها لە پارێزگای خوزستان ٦٩ چالاکوانی کۆمەڵایەتی و ژینگە زیندانی کراون و لە ١٠ ڕۆژدا لێپرسینەوە دەربارەی ١٢ چالاکوانی ئازەری دەستی پێ کردووە.
پارێزەری پەخشان عەزیزی، ئەمیر ڕەئیسیان ڕایگەیاند دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی عەزیزی پەسەند کردووە. هەروەها جەختی کردەوە، بەڵگەکانی بۆ بەرگریکردن لە موەکیلەکەیان پێشکەشی دادگا کردووە، بەڵام ڕەتکراوەتەوە.
سزای وریشە مورادیش پاش دانیشتنی ١٦ ی حوەزیران و ٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە پارێزەرەکانی ڕاگەیاندرابوو.
ناڕەزایەتییەکان دژی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بەردەوامە. ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد دژی ئەم پێشێلکارییانە هەنگاوی پێویست بهاوێژێت.