ئێران سزای زیندانی بەسەر ١٥ ژنی بەهایی سەپاند

ئێران سزای زیندانی بەسەر ١٥ ژنی بەهایی سەپاند، لەگەڵ ئەوەشدا قەدەغەی دەرچوون لە وڵاتەکەی بەسەریاندا سەپاندووە.

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دادگای ئەسفەهان سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەر ١٥ ژنی بەهایی‌دا سەپاندووە.

هەروەها ڕاگەیاندرا سەرەڕای سزای زیندانی، هەریەکەیان بە ٥٠ ملیۆن تومەن و ٢ ساڵ قەدەغەی دەرچوون لە وڵات سزا دراون.

ناوی ١٣ ژن کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە بەم جۆرەیە: موژگان پوورشەفیعی، نەسرین خادمی، ئەزیتا رەزوانی خواە، شوڵە ئاشووری، بوشرا موتەهار، سارا شەکیب، ڕۆیا ئازادخۆش، نوشین هیمەت، شورنگیز بەهامین، ساناز ڕەستە، مەریەم خورسەندی، فەرخوندە ڕەزوان پەی و فیروزە ڕەستی نەژاد.

جێگەی باسە لە ٢٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ هەر ١٥ ژنە بەهاییەکە لە شاری ئەسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە پاساوی "بڵاوکردنەوەی باوەڕی بەهایی" دەستبەسەرکران. دەسەڵاتی ئێران کە هیچ گرنگییەک بە باوەڕی بەهایی نادات، کەسانی بەهایی وەک سیخووڕ و دوژمن ناودەبات و زۆرجار سزای لەسێدارەدان و زیندانیان بەسەردا دەسەپێنێت.