ئێران سزای زیندانیکردنی بەسەر دوو ژنە ڕژنامەواندا سەپاند

دادگای تیاهەڵچوونەوەی تاران، هەریەک لە ژنە ڕۆژنامەوانان؛ نیولوفەر حامدی و ئیلاهە محەمەدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا.

پارێزەرانی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەوانە لە ١١ی ئاب لە ڕاگەیاندێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە دادگای تاران سزای بۆ ئەو موەکیلەکانیان بڕیوەتەوە.

پارێزەران ئاماژەیان بەوەداوە بە تۆمەتی 'هاوکاریکردنی وڵاتانی بیانی' لە دانیشتنی یەکەمی دادگادا سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەوانە بڕدرایەوە، بەڵام داوی تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە، ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەوانە لەو تۆمەتانە بێتاوان دەرچوون و دادگای تێهەڵچوونەوە بە تۆمەتی 'پڕوپاگەندە دژی ڕژێم' سزای ساڵێک و بە چەند تۆمەتی دیکەش بە پێنج ساڵ زیندانی و بە کۆی گشتی بە شەش ساڵ سزادراون.

پارێزەران ئاماژەیان بەوەشداوە ئەو دۆسیەی لە دژی موەکیلەکانیان کراوەتەوە پەیوەستە بە رووماڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانی دژ بە کوژرانی ئەو کچە کوردە لە ساڵی ٢٠٢٢.

نیلۆفەر حامدی و ئێلاهە محەمەدی لە ساڵی ٢٠٢٢دا یەكێک بوون لەو ڕژنامەوانانەی لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکان بەرامبەر بە کوشتنی ئەو کچە کوردە هەواڵییان ئامادە کردبوو.