یەرەژە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد

یەرەژە بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لەسەر خەڵکی مەدەنی و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرد.

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن (یەرەژە) پەیوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەت لەسەر چالاکیکەرانی ئێشکگری لە بەندوای تشرین و ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاو کردەوە  و تێیدا ئاماژە کراوە ڕۆژنامەوانان بۆ ئاشکراکردنی هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانی لە بەنداوی تشرینن و دەبنە ئامانجی هێرشەکان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرنج خراوەتەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هاتووە: "لەبەرانبەر هێرشەکاندا بەرخۆدانێکی مەزن بەڕێوەدەبرێت. لەگەڵ ئەمەشدا دەوڵەتی تورک لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا بە ئەنقەست هەردوو ڕۆژنامەوان نازم داشتان و جیهان بیلگینی بە ئامانج گرت، لە بەردەوامی هێرشەکاندا لە هەمان جێگەدا لەو ڕۆژەوە تا ئێستا لەبەرانبەر گەل و ڕۆژنامەوانان هێرشی سەختی بەردەوام لە ئارادایە."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کراوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ کە چەندین هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون و لەبەرانبەردا کۆمەڵگەی نێونەتەوەی بێدەنگە و  دەڵێت: "لەو هێرشەدا پەیامنێری ڕوناهی تیڤی لەیلا عەبدیی، ڕۆژنامەوان هیڤدا هەبووون و خەباتکاری ڕاگەیاندنی ئازاد دژوار عەلیشێر بریندار بوون."

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشانکراوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەم هێرشانەی بە پێشلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و دەڵێت: "وەک یەژە هەموو ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین و لە دژی ئەو هێرشانە دەوستینەوە و بۆ ڕاگەیاندنی حەقیقەت و دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هەموو شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادی بە ڕێز و پێزانیینەوە یاد کراونەتەوە و بانگەوازی لە دەزگا و دامەزراوە ڕۆژنامەوانییە کوردستانییەکان، هەرێمی و نێونەتەوەی کراوە هەڵوێست وەرگرن و لە بەرانبەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانییدا تێکۆشانی بەهێز ئەنجام بدەن.