یەرەژە کەمپینی 'نا بۆ لە سێدارەدان'ی دەستپێکرد

یەرەژە لە دژی سەپاندنی سزای لە سێدارەدانی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی ژن، کە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەرچوون، کەمپینێکی دەستپێکرد.

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن (یەرەژە) سەبارەت بە سزای لە سێدارەدانی هەردوو ژنە ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مافەکانی ژن؛ شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی، کە لایەن دادگای ئێرانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، لە ناوەندنی کولتور و هونەری محەمەد شێخۆ لە شاری قامیشلۆ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد دەوڵەتی ئێران ماوەی نیو سەدەیە بە عەقڵێتی پیاوسالارانە و توندڕەوی ئاینییەوە هەموو مافەکانی کۆمەڵگە، لە سەرووی هەموویانەوە مافی ژنان پێشێل دەکات.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، هەزاران ژن لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێراندا دەچەوسێنرێنەوە و وێڕای سزاکان دەستبەرداری ئامانجەکانی خۆیان نەبوون و ئەوەشخراوەتەڕوو: "وەریشە مورادی، شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی لەو ژنانەن وێڕای هەڕەشەی سزای لە سێدارەدان دەستبەرداری دۆزەکەی خۆیان نەبوون."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر چالاکوانی ژن؛ شەریفە موحەمەدی و پەخشان عەزیزی شەرمەزارکرا و ئاماژە بەوەدرا ئەم بڕیارە لە دژی هەموو ڕێسا بنەڕەتییە نێونەتەوەییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤە.

کەمپینەکە هەتا ١٩ی ئاب بەردەوام دەبێت

لە ڕاگەیاندراوەکەدا یەرەژە ئاماژەی بەوەدا لە دژی سزای لە سێدارەدانی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە ژنان بە دروشمی "نا بۆ لە سێدارەدان" کەمپینی واژوو کۆکردنەوە دەستپێدەکەن و ئەم زانیارانەی ئاشکراکرد: "لە ڕێگەی کەمپینی کۆکردنەوەی واژووەوە، پشتگیری خۆمان بۆ ژنە چالاکوان وەریشە مورادی، شەریفە موحەمەدی و پەخشان عەزیزی دەردەبڕین. کەمپینەکەمان لە ١٢ی ئاب (ئەمڕۆ)ەوە تاوەکو ١٩ی ئاب بەردەوام دەبێت. داوا لە هەموو بزوتنەوە و ڕێکخستنەکانی ژنان دەکەین پشتگیری لە کەمپینەکەمان بکەن."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەواز ئاراستەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەندیکاکانی ڕۆژنامەوانان کرا، بۆ بەتاڵکردنەوەی بڕیارەکانی لە سێدارەدانی ژنان هەنگاوی پێویست بگرنەبەر.